دەنگدان لەسەر ٨ وەزیرەکەی عێراق لە کارنامەی دانیشتنەکەی پەرلەماندا نییە

 دەنگدان لەسەر ٨ وەزیرەکەی عێراق لە کارنامەی دانیشتنەکەی پەرلەماندا نییە
هەرچەندە چاوەڕوان دەکرا ئەمڕۆ یەکشەممە ٩ی ١٢ی ٢٠١٨، پرۆسەی دەنگدان لەسەر ٨ کاندیدەکەی وەزارەتەکانی حکوومەتی عێراق بەڕێوە بچێت، بەڵام بەرنامەی کاری پەرلەمانی عێراق ئەو پرۆسەیە لە خۆوە ناگرێت.



بەپێی کارنامەی دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق، دوو بڕگە ئەمڕۆ تاوتوێ دەکرێن کە یەکەمیان تەواوکردنی دەنگدانە لەسەر هەموارکردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی عێراق. دووەمیشیان پێشکەشکردنی ڕاپۆرتی لێژنەی پەروەردەیە لەبارەی پلە وەزیفییەکان. دانیشتنەکەش کاتژمێر ١ی نیوەڕۆ بەڕێوە دەچێت.



لەو ٨ وەزارەتەی کە لە حکوومەتی عێراقدا هێشتا وەزیریان بۆ دیاری نەکراوە، پارتی دیموکراتی کوردستان کە ئێستا هەریەک لە وەزارەتەکانی (دارایی و ئاوەدانکردنەوە)ی بەدەستەوەیە، وەزارەتێکی دیکەش بە شایستەی هەڵبژاردنی خۆی دەزانێت. بەرپرسانی یەکێتیش بەشێکیان داوای وەزارەتی داد بۆ حزبەکەیان دەکەن، بەشێکیشیان باس لەوە دەکەن کە شایستەی کورد ٤ وەزارەتە و پێویستە وەزارەتێکی دیکە بە پارتی بدرێت و وەزارەتێکیش بە یەکێتی بدرێت.



بەپێی زانیارییەکان، یەکێتی لە وەرگرتنی وەزارەتێکی دیکەی حکوومەتی عێراق بێهیوایە و پێشتریش سەعدی پیرە ئاشکرای کردبوو کە عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بە یەکێتی گوتووە، بۆ ئەوەی کاندیدەکەیان بۆ وەزارەتێک قەبوڵ بکات، دەبێت لەگەڵ پارتی ڕێک بکەون.




باسنیوز
Top