ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە

ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە
ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی چەند پرسێک کۆدەبێتەوە، بەڵام لەکارنامەی کۆبوونەوەکەدا دەنگدان بە تەواوکردنی پێکهاتەی کابینەی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکی وەزیرانی عێراقی تێدا نییە.

بڕیارە کۆبوونەوەکە کاتژمێر 1:00ی دواینیوەڕۆ دەستپێبکات و بەپێی کارنامەی کۆبوونەوەکە لە بڕی یەکەمدا دەنگ لەسەر پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان دەدرێت.

هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا بە ئامادەبوونی نوێنەرانی وەزارەتەکانی دارایی و کۆچ و کۆچبەران تاوتوێی زیانەکانی لافاوەکەی دوێنێ چەند ناوچەیەکی عێراق دەکرێت، کە بەهۆیەوە ژمارەیەک خێزانی ئاوارە خێمەکانیان ژێر ئاو کەوت.

لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا پێناچێت دەنگ لەسەر کاندیدانی هەشت وەزارەتە ماوەکەی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکی وەزیرانی عێراق بدرێت، بەهۆی ئەوەی لە کارنامەی کۆبوونەوەکەدا نییەو لایەنەکان نەگەیشتوونەتە رێککەوتن لەوبارەیەوە.

سێشەممە رابردوو پەرلەمانی عێراق بۆ تەواوکردنی پێکهاتەی کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبووەوە، بەڵام بەهۆی دروستبوونی پشێوییەوە نەتوانرا دەنگدان لەسەر وەزارەتە ماوەکانی کابینەی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەنجامبدرێت.

کاندیدانی عادل عەبدولمەهدى بۆ ئەو هەشت وەزارەتەی کە ماوە بریتین بوون لە حاکم دارا نورەدین، کاندیدی وەزارەتی داد فالح فەیاز، کاندیدی وەزارەتی ناوخۆ و فەیسەل الجربا، کاندیدى وەزارەتی بەرگری و عەبدولئەمیر حەمدانی، کاندیدى وەزارەتی ڕۆشنبیری و نوری دلێمی، کاندیدى وەزارەتی پلاندانان و د. صبا تائی، کاندیدى وەزارەتى پەروەردە و قوسەی عەبدولوەهاب، کاندیدى وەزارەتى خوێندنی باڵا و هنا‌و عمانوئیل، کاندیدی وەزارەتى کۆچ و کۆچبەران.








خەندان
Top