لەبەر میلیشیا شیعە و ئێرانییەكانی ناو عێراق خەڵکی ناوچە سوننەمەزهەبەکان جارێکی دیکە ئاوارەی کوردستان دەبنەوە
بەرپرسێک لە پارێزگای ئەنبار، کە لە ترسی هێز و میلیشیا عێراقییەکان ناوی خۆی ئاشکرا نەکردووە، بە رۆژنامەی (ئەلعەرەبی جەدید)ی راگەیاندووە، نزیکەی 10 هێزی ئەمنیی و سەربازیی عێراقی و دەیان میلیشیای حەشدی شەعبی لە شاری روومادیی سەنتەری پارێزگای ئەنبار بڵاو بوونەتەوە.
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئەو هێز و میلیشیایانە بەدەر لە رێنماییە یاساییەکان و هەر یەکەیان بە فەرمانی بەرپرسانی خۆیان، خەڵکی سوننەمەزهەبی شارەکە دەستگیر دەکەن و دوای ئەشکەنجەدان، دەیانکوژن.
هەروەها محەمەد حەمدانی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە، دانیشتوانی نەینەوا و مووسڵ بە تایبەتی زۆر نائاسودەن و تەنانەت لە دەنگی دەرگا لێدانیش دەترسن.
محەمەد حەمدانی جەختی لەوە کردووەتەوە، کە دوای رزگارکردنەوەی انوچەکان، هیچ پرۆژەیەکی ئاوەدانکردنەوەی ناوچە جیاوازەکان جێبەجێ نەکراوە و ئەو هەژارانەی گەڕاونەتەوە شارەکانیشیان، لە بارودۆخێکی خراپی تەندروستی و دەروونی دەژین.
حاجی ئەحمەد جبوری (تەمەن 65 ساڵ) بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە، کە ئەو بەهۆی داگیرکاریی داعش ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوو و دوای زراگرکردنەوەی شارەکەشی، گەڕاوەتەوە مووسڵ.
دوای گەڕانەوەی، چەکدارانی میلیشیا عێراقییەکان بەبێ هیچ تاوانێک، کوڕێکی تەمەن 37 ساڵیی ئەویان دەستگیر کردووەنو ئەشکەنجەیان داوە و لەکاتی لێدان لێی، گیانی لەدەست داوە و دواتریش تۆمەتی داعشبوونیان بۆ دروست کردووە. بۆیە جارێکی دیکە شارەکەی بەجێ هێشتووەتەوە و ئاوارەی هەرێمی کوردستان بووەتەوە.
بەهۆی هێرش و داگیرکاریی داعش و شەڕی تائیفی، نزیکەی دوو ملیۆن هاووڵاتیی عێراقی پەنایان بۆ هێزەکانی پێشمەرگەی کورداتان هێنا و ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون.
دای رزگارکردنەوەی ناوچە داگیرکراوەکان لە داعش، چەکدارانی هێز و میلیشیا عێراقییەکان پاراستنی ئاسایشی ئەو ناوچانەیان گرتە دەست، بەڵام بەهۆی ناکارایی ئەو هێزانە و بیری تائیفیی شیعە و دژایەتیکردنی سوننەمەزهەبەکان، رۆژانە هاووڵاتییانی ئەو ناوچانە بە تۆمەتی داعشبوون، دەستگیر دەکەن و دەکوژن.
لە مانگی 6ـی 2014، نزیکەی دوو هەزار چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە سووریاوە دزەیان کردە ناو خاکی عێراق و لە ماوەی چەند رۆژێکدا، هەرەسیان بە سوپای عێراق هێنا و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.
باسنیوز