ڕاپۆرتێکی ئەمریکی: لە عێراق هێشتا 15 هەزار چەکداری داعش ماون

  ڕاپۆرتێکی ئەمریکی: لە عێراق هێشتا 15 هەزار چەکداری داعش ماون
بەپێی زانیارییەکان شەوی ڕابردوو چەکدارانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش لە باشووری کەرکووک هێرشیان کردووەتە سەر گوندێکی کوردنشین و کەسێک گیانی لەدەست داوە و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.



سەرچاوەیەکی ئەمنی بە میدیاکانی عێراقی ڕاگەیاندووە درەنگانی شەوی ڕابردوو چەکدارانی داعش هێرشیان کردووەتە سەر گوندی کوردنشینی "ناسر"ی سەر بە ناحیەی ڕەشاد لە باشووری کەرکووک و بەو هۆیەوە هاووڵاتییەک گیانی لەدەست داوە و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.



ماوەیەکە جموجۆڵی چەکدارانی داعش لە عێراق و بەتایبەت باشووری کەرکووک ڕوویان لە زیادبوون کردووە و چەندین هێرشیان کردووەتە سەر هاووڵاتییان و هێزە ئەمنییەکان و ئەمەش ترس و دڵەڕاوکێی لەناو خەڵکدا بڵاو کردووەتەوە.



لەمبارەوە ڕاپۆرتێکی ئەمریکی ئاماژە بە دەستپێکردنەوەی جموجۆڵەکانی داعش لە عێراق دەکات و بڵاوی کردووەتەوە هێشتا 15 هەزار چەکداری داعش لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق ماون.



ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیجیی نێودەوڵەتی لە واشنتۆن لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە کە 15 هەزار چەکداری داعش لە عێراق ماون و مانگانە ئەو چەکدارانە 70 هێرشی چەکداری لە عێراق ئەنجام دەدەن و ئێستا ئەو ڕێکخراوە خۆی ڕێک خستووەتەوە و تاکتیکەکانی بۆ هێرش گۆڕیوە و دەستی کردووە بە چالاکییەکانی و کە زیاتر بە تەقینەوە و ڕفاندن ترس بڵاو دەکاتەوە و زیاتریش کەسانی سەر بە حکوومەت دەکاتە ئامانج.



ئەو ڕاپۆرتە ئاماژەی بەوەش کردووە لە ئەنجامی هێرشەکانی داعش لە ساڵی 2016 لە عێراق زیاتر لە شەش هەزار 247 کەس کوژراون و لە ساڵی 2017شدا پێنج هەزار و 339 کەس کوژراون و هەتا مانگی ئۆکتۆبەری 2018ش یەک هەزار 656 کەس لە عێراق لە هێرشەکانی داعشدا کوژراون.



لە درێژەی ئەو ڕاپۆرتە ئەمریکییەدا هاتووە هێشتا 20 هەتا 30 هەزار چەکداری ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش ەل عێراق و سووریا ماون و لەو ژمارەیەش 15 هەزار کەسیان لە عێراقن کە سوود لە گەندەڵییەکانی دامودەزگاکانی عێراق و ناکۆکییە مەزهەبییەکان و کێشەکانی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان وەردەگرن و هاوکات حکوومەتی عێراقیشی بەوە تۆمەتبار کردووە کە نەیتوانیوە ئەو هۆکاران بنبڕ بکات کە دەبنە هۆی سەرهەڵدانی داعش.









باسنیوز
Top