ده‌ستنووسێكی "زۆر نهێنی" سه‌ددام حوسێن بۆ فرۆشتن نمایشكرا

ده‌ستنووسێكی
به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی ده‌ستنووسی سه‌ددام حوسێن، دیكتاتۆری له‌ سێداره‌دراوی عێراق، بۆ فرۆشتن له‌سه‌ر وێبسایتی (eBay) نمایشكراوه‌، كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ كڕین و فرۆشتن له‌سه‌ر تۆڕی ئینته‌رنێت.

به‌ڵگه‌نامه‌كه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ رێككه‌وتی 11ی شوبات/ فێبرایه‌ری ساڵی 1982، و سه‌ددام حوسێن به‌ ده‌ستخه‌تی خۆی نووسراوێكی ئاراسته‌ی بارزان تكریتی زڕ برای كردووه‌، كه‌ ئه‌و كاته‌ سه‌رۆكی ده‌زگای هه‌واڵگریی رژێمی به‌عسی بووه‌ و تێیدا باسی هاوكاریكردنی لوبنان ده‌كات.

ده‌ستنووسه‌كه‌ به‌ قه‌ڵه‌می سوور نووسراوه‌ و فه‌رمانیكردووه‌: "هه‌موو هاوكارییه‌ك به‌ ئه‌مین جه‌میل، سه‌رۆكی لوبنان بكرێت، بۆ ئامانجی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی حافز ئه‌سه‌د (سه‌رۆكی پێشووی سووریا و باوكی به‌شار ئه‌سه‌د، كه‌ ئه‌و كات ناكۆكیان له‌ نێواندا هه‌بووه‌)، خۆشم چاوم به‌ كه‌ریم به‌قرادونی، فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی لوبنان و شاندی یاوه‌ری ده‌كه‌وێت".

سه‌ددام حوسێن، دكیتاتۆری له‌ سێداره‌دراوی عێراق، له‌ ساڵی 1979، وه‌كو سه‌رۆكی عێراق ده‌ستبه‌كاربوو، تا ساڵی 2003 له‌ لووتكه‌ی ده‌سه‌ڵات مایه‌وه‌، تا ئه‌و كاته‌ی له‌ 9ی نیسان/ ئه‌پریلی 2003، هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان به‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا چوونه‌ ناو به‌غدا و رووخانی رژێمی به‌عسیان راگه‌یاند.

له‌ رێككه‌وتی 6ی كانوونی یه‌كه‌م/ دیسه‌مبه‌ری 2003، سه‌ددام حوسێن له‌ كێڵگه‌یه‌كی نزیك شاری تكریت ده‌ستگیركرا و له‌ زنجیره‌ دادگاییه‌كدا، سزای له‌ سێداره‌دانی بۆ ده‌رچوو، له‌ به‌ره‌به‌یانی 30ی كانوونی یه‌كه‌م/ دیسه‌مبه‌ری 2006، سزاكه‌ی به‌سه‌ردا جێبه‌جێ كرا و له‌ سێداره‌دا.
k24 -
Top