دانپێدانانی فەرماندەیەکی داعش بڵاو دەکرێتەوە

دانپێدانانی فەرماندەیەکی داعش بڵاو دەکرێتەوە
حکومەتی عێراق دەستگیرکردنی فەرماندەیەکی داعشی ڕاگەیاند، کە بەرپرس بووە لە لەقەفەزنان پێشمەرگە دیلەکان و گێڕانیان بەناو خەڵکدا لە ساڵی 2015 لە قەزای حەویجە.

بە پێی ھەواڵێکی ماڵپەڕی (نیۆیۆرک تایمز)ی ئەمریکی، جەمال ئەلمەشھەدانیی ناسراو بە (ئەبو ھەمزە ئەلکوردی)، پلەیەکی بەرزی لە نێو چەکدارانی داعش ھەبووە و بەم دواییانە لە لایەن ھێزە چەکدارەکانی عێراقەوە دەستگیر کراوە. ئەو پێشتر لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا ئەفسەری سەربازی بووە لە سوپای سەددام حوسێن.

ئەو چەکدارەی داعش تەمەنی 45 ساڵە و وەک خۆی لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا ئاشکرای دەکات، خەڵکی شارۆچکەی تارمییەی باکووری بەغدایە. دەزگای ھەواڵگری عێراق ڕۆژی ھەینی 30/11/2018 تۆماری دەنگیی دانپێدانانەکانی جەمال ئەلمەشھەدانی بڵاو کردووەتەوە، کە تێیدا ئاشکرای دەکات، ساڵی 2014 لە موسڵ چاوی بە ئەبووبەکر بەغدادی، خەلیفەی داعش، کەوتووە.

ئەبو هەمزە ئەلکوردی دان بەوەدا دەنێت کە وەک والی داعش لە کەرکووک کاری کردووە و بەرپرسی چەند ئۆپەراسیۆنێکی گەورە و ھەستیاری تیرۆریستانی داعش بووە لەو ناوچەیە، لە نێوانیشیاندا ھێرشکردنە سەر شارۆچکەی تازە، کە تێیدا چەکی کیمیاوی بەکارھات و دەیان کەسی سیڤیل کوژران و بریندار بوون.

ئەم فەرماندەیەی داعش دان بەوەش دادەنێت، کە دواتر سەرپەرشتی بەدیلگرتن و لەقەفەزنان و بەشاردا گێرانی 18 پێشمەرگەی لە حەویجە کردووە بۆ بەرزکردنەوەی ورەی چەکدارەکانیان. ئەمە لەکاتێک دایە، کە ڕاپۆرتە فەرمییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە 21 پێشمەرگە لە لایەن داعش بەدیل گیرابوون و لەناو قەزای حەویجەدا لە شەقامەکان بە خەڵکی نیشان درابوون.

ئەبو هەمزە ئەلکوردی لە ساڵی 2017 بڕیار داوە بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی هاوپەیمانان و بارودۆخی خراپی داعش، ریزەکانی رێکخراوەکە بەجێ بهێڵێت.

وەک خۆی دەگێڕێتەوە و دەزگای ھەواڵگری عێراقیش پشتڕاسی کردووەتەوە، جەمال ئەلمەشھەدانی لە ماڵی کوڕەکەی لە شاری بەغدا دەستگیر کراوە.

چاودێرانی سیاسی و ئەمنیی عێراقی بە ماڵپەری (نیۆیۆرک تایمز)یان ڕاگەیاندووە، کە ئەو فەرماندەیەی داعش، ئەگەرچی لە میدیاکان لای ناوەندە ئەمنییەکان ناوەکەی ئاشنا نییە، بەڵام یەکێکە لە کەسە گرنگەکانی ناو ڕێکخستنەکانی داعش، کە سەرپەرشتی پیلانی تیرۆریستیی گەورەی ناو ئەم گرووپەی کردووە.












باسنيوز
Top