فوئاد حوسێن لەگەڵ بەڕێوەبەر و جێبەجێکاری کۆمپانیایەکی ژاپۆنی کۆبووەوە
ئەمڕۆ چوارشەممە 28/11/2018، فوئاد حوسێن، وهزیری دارایی و جێگرى سهرۆك وهزیرانى عێراق، لە نووسینگەی تایبەتی خۆی لە بەغدا پێشوازی لە تاكیشی ئۆكۆماتۆ بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای سۆمیتۆمۆ بۆریشن، شینسۆكی فۆجیمۆتۆ بەڕێوەبەری جێبەجێكار و ئۆپەراسیۆنی كۆمپانیا كرد.
لەم دیدارەدا شاندی میوان كورتە باسێكی لەبارەی سروشتی كاری كۆمپانیاكەیان پێشكەش كرد كە لەساڵی 1960ـەوە دەستی بەكار كردووە وچەندین بەرهەمی گرنگی خستۆتە نێو بازاڕی عیراق بەتایبەتی لەڕووی بەرهەمی كانزایی وهۆكارەكانی گواستنەوە وبینا وژێرخان وكەلوپەل وئامێرەكانی وزە، ئەمە جگە لە پاڵپشتیكردنی كەرتی تەندروستی وژینگە وفێركردن.
ئۆكۆماتۆ، تیشكی خستە سەر خواستی كۆمپانیاكەیان بۆ فراوانكردنی كارەكانیا لەعێراق لەڕێگەی دابینكردنی هۆكارەكانی گواستنەوە بە هەموو جۆرەكانیەوە وبە كواڵیتی بەرزەوە كە لەگەڵ ژینگە وبارودۆخی عیراق بگونجێت وئەو ئامێرانەی بۆ دووبارە بونیادنانەوە وبەرهەمهێنان سوودیان دەبێت، خۆشحاڵی خۆیشی بەوە نیشاندا كە بەرهەمەكانی ژاپۆن هەمیشە لەلایەن هاووڵاتییانی عیراقەوە ستایش دەكرێن.
دووپاتیشیكردەوە، ئەوان هیوای ئەوە دەخوازن دەرفەتی كار بۆ هاووڵاتییانی عێراق دابین بكەن لەڕێگەی كردنەوەی لقی كۆمپانیاكەیان وبنكەی تواناسازی بۆ كۆمپانیای تۆیۆتا وهینۆ وكۆمپانیاكانی دیكە لە هەموو بەشەكانی عیراق.
لای خۆیەوە، د. فوئاد خۆشحاڵی خۆی بە پێشنیارەكانی شاندی میوان نیشان دا و دووپاتیشیكردەوە هاووڵاتییانی عێراق هەمیشە متمانەیان بە بەرهەمی ژاپۆن هەیە، بەتایبەتی لەبواری دروستكردنی ئۆتۆمبێل و مەكینە.
ئاماژەشی بۆ ئەوە كرد، کە حكوومەت هەوڵی دیراسەتكردنی ئۆفەرەكانی ئەم كۆمپانیایە دەكات و كار بۆ رەخساندنی هاوكاری دەكات لەنێوان ئەو كۆمیانیایە وهەموو وزارەتەكانی عێراق.
باسنيوز