لە بازگەکانی حەشدی شەعبی داوای گۆڕینی ئایین لە ئافرەتانی مەسیحی دەکرێت
وەحیدە یاقۆ، ئەندامی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان، ڕاگەیاند، ئافرەتانی مەسیحی کاتێک هاتوچۆ لە نێوان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانەوە دەچن بۆ پارێزگای نەینەوا و دەشتی نەینەوا، لەلایەن حەشدی شەعبییەوە بەهۆی سەروسیما و جلوبەرگیانەوە دەناسرێنەوە و داوای ناسنامەیان لێ دەکرێت. گوتیشی: ”ئەو ئافرەتە مەسیحییانە سووکایەتییان پێ دەکرێ و ڕەفتاری ناشایستەیان بەرامبەر ئەنجام دەدرێت“.
ڕوونیشی کردەوە کە بەشێک لەو ئافرەتانەی سووکایەتییان پێ کراوە، پێیان ڕاگەیاندوون کە بەهۆی بازگەکانی حەشدی شەعبییەوە ڕووبەڕووی زەحمەتییەکی زۆر دەبنەوە و ”تەنانەت لەو بازگانە داوای گۆڕینی ئایینیشیان لێ دەکرێت“.
وەحیدە یاقۆ داوای کرد کە بازگەکانی حەشدی شەعبی لە ناوچەکە نەمێنێت و پێشمەرگەی کوردستان بۆ سەرجەم ناوچەکانی مەسیحینشین لە دەشتی نەینەوا بگەڕێتەوە، چونکە ”ئێستا تەلسقۆف لەژێر کۆنتڕۆڵی پێشمەرگە دایە و ئافرەتانی مەسیحی هەم دڵخۆش و هەم ڕێزلێگیراون، تەنانەت لەبەر بەرقەراربوونی ئاسایش لە تەلسقۆف، شارەکە بووەتە بنکەیەکی گرنگی مەسیحییەکانی ناوچەکە“.
باسنيوز