پەرلەمانی عێراق: پارێزگاری نەینەوا زماندرێژی بەرامبەر پەروەردە کردووە
پەرلەمانتارانی پارێزگای نەینەوا لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، سەرکۆنەی سووکایەتیکردنی نەوفەل حەمادی، پارێزگاری نەینەوا بە مامۆستایەک دەکەن و پێیان وایە حەمادی سووکایەتیی بەکۆی مامۆستایان کردووە.
ئەو پەرلەمانتارانە لە بەیاننامەکەیاندا ئاماژەیان بەوە کردووە، کە گوتەکانی نەوفەل حەمادی لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا ”زماندرێژییە بەرامبەر دەزگای پەروەردە“ و داوا لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا دەکەن رۆڵی خۆیان بگێڕن و لێپێچینەوە لەگەڵ پارێزگار بکەن، ئەگەر نا پەرلەمان لێپێچیەوەی لەگەڵ دەکات“
پێشتر گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاو بووەوە، کە نەوفەل حەمادی تێیدا سووکایەتی بە مامۆستایەک دەکات و بە وێنەگری گرتە ڤیدیۆییەکەش دەڵێ، ”لەو کاتەی سووکایەتی بەو مامۆستایە دەکەن، وێنەم بگرە“.
دوای ناڕەزایی هاووڵاتییان و بڵاوبوونەوەی گرتەی ڤیدیۆیی سووکایەتیکردنەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، نووسینگەی نەوفەل حەمادی بەیاننامەیەکی دەرکردووە و تێیدا رایگەیاندووە، شەوی سێشەممە 27/11/2018 حەمادی پەیوەندیی بە مامۆستاکەوە کردووە و ”داوای لێبووردنی لێ کردووە“.
باسنیوز