په‌رله‌مانتارێك: پۆستى وه‌زیرى به‌رگرى 28 كاندیدی هه‌یه‌ و كوردیشیان تێدایه‌

 په‌رله‌مانتارێك: پۆستى وه‌زیرى به‌رگرى 28 كاندیدی هه‌یه‌ و كوردیشیان تێدایه‌
په‌رله‌مانتارێكی میحوه‌رى نیشتمانى (عه‌ره‌بى سوننه‌) ئاشكراى كرد، ژماره‌ى كاندیده‌كانى وه‌زاره‌تى به‌رگرى گه‌یشتووه‌ته‌ 28 كاندید، كه‌ له‌نێویاندا كوردیش هه‌یه‌.

فالح عیساوى، په‌رله‌مانتارى میحوه‌رى نیشتمانى، ڕای گه‌یاند: "بۆ پۆستى وه‌زیرى به‌رگرى، 28 كاندید ناویان پێشكه‌ش به‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی كراوه‌، له‌نێویاندا كاندیدی كورد و هه‌روه‌ها سێ ئه‌فسه‌رى باڵاى دژه‌ تیرۆری عێراق، ناویان هه‌یه‌".

تائێستاش كابینه‌كه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدی، كه‌ له‌ 25 له‌سه‌ر 26/ 10/ 2018 له‌ لایه‌ن ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانه‌وه‌ به‌ 14 وه‌زیره‌وه‌ په‌سه‌ند كرا، 8 وه‌زیرى ماوه‌ دیارى بكرێن، له‌نێویاندا وه‌زاره‌ته‌كانى به‌رگرى، ناوخۆ و داد هه‌یه‌.

پێشتر عه‌بدولڕه‌حمان لوویزی، په‌رله‌مانتارى پێشووى سوننه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران، له‌ پێگه‌ى تایبه‌تى خۆى له‌ فه‌یسبووك بڵاویكرده‌وه‌، كه‌: "نرخى پۆستى وه‌زیری به‌رگرى گه‌یشتووه‌ته‌ 30 ملیۆن دۆلار، بۆ ئه‌وانه‌شى كه‌ سه‌یریان لێدێت، ده‌بێت بزانن كه‌ گرێبه‌ستى خواردن بۆ سوپاى عێراق، به‌ته‌نها بایی تریلیۆنێك و 300 ملیار دیناره‌، كه‌ ده‌كاته‌ زیاتر له‌ یه‌ك ملیار دۆلارى ئه‌مریكی".











باسنيوز
Top