عێراق بیر لە گەڕاندنەوەی سیستەمی سەربازیی زۆرەملێ دەکاتەوە

 عێراق بیر لە گەڕاندنەوەی سیستەمی سەربازیی زۆرەملێ دەکاتەوە
عێراقی ماندووی دوای ساڵانێکی زۆری شەڕ و ململانێی ناوخۆیی و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، بیر لەوە دەکاتەوە کە سیستەمی سەربازیکردنی زۆرەملێ هاوشێوەی سەردەمی ڕژێمی بەعسی ڕووخاو، بگەڕێنێتەوە و پەرلەمانتارێکیش لەمبارەیەوە زانیاری دەخاتە ڕوو.

لە دامەزراندنی سوپای عێراق لە ڕۆژی ٦ی کانوونی دووەمی ١٩٢١ەوە تاوەکوو ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە عێراق لە ساڵی ٢٠١٣، هێزە سەربازییەکانی عێراق لە ڕێگەی سیستەمی سەربازیی زۆرەملێ بەڕێوە دەچوون، بەڵام عێراقی نوێ کە دواتر بووە خاوەنی دەستووری هەمیشەیی ٢٠٠٥ی عێراق، چیتر ڕێگەی سەربازیکردنی زۆرەملێی نەگرتە بەر و پشتی بە سیستەمی ئارەزوومەندانە و پێویستیی هێزە سەربازییەکان بەست.

ئێستا لە بەغداوە ئیرادەیەکی جددی هەیە بۆ گەڕاندنەوەی سیستەمی سەربازیی زۆرەملێ و بەشداریکردنی سەرجەم گەنجانی تەمەن سەروو ١٨ ساڵی لە عێراق بۆ سەربازیی زۆرەملێ.

لەمبارەیەوە رەزا حەیدەری، ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕايگەیاند، کاراکردنەوەی خزمەتی سەربازیی ناچاری پێشتر وەک پێشنیازێک پێشکەش بە پەرلەمان کراوە، بەڵام ”بەهۆکاری سیاسی“ پەکخراوە. گوتیشی: ”دەمانەوێ لە خولی ئێستای پەرلەمانی عێراقدا ئەو سیستەمە بگەڕێنینەوە“.

بە گوتەی ناوبراو، کاراکردنەوەی یاسای خزمەتی سەربازیی زۆرەملێ ”سوودی گەورەی هەیە“.

لەلایەن خۆیەوە د. محەمەد شاکر، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ڕايگەیاند: "دەوڵەت مافی خۆیەتی بەشێک لە خەڵک بۆ سەربازی ببات، ھەروەھا لە وڵاتانی پێشکەوتووشدا ئەمکارە ئارەزوومەندانەیە، بەڵام بۆ وڵاتێکی وەک عێراق کە ئاڵۆز و پڕ کێشەیە، پێم وا نییە ئەم سیستەمەی بۆ باش بێت".

ڕوونیشی کردەوە کە ئەگەر سیستەمی زۆرەملێی سەربازی پێشنیاریش بکرێت، ”بەدڵنیاییەوە ھەندێ لایەن پێشوازی لێ دەکەن، بەڵام “هەندێک لایەن کە ترسیان لە بە سیاسیکردنی ئەم بابەتە ھەیە و گومانیان لەوەیە کە دەستی لە پشتەوە بێت، لەگەڵی نابن".

دووپاتیشی کردەوە کە ”عێراق ھێشتا لەو قۆناغەدا نییە کە ھەنگاوێکی لەم جۆرە بھاوێت".











باسنيوز
Top