پەرلەمانتارێک: سێ وڵات هەوڵی کڕینی وەزارەتی بەرگریی عێراق دەدەن

 پەرلەمانتارێک: سێ وڵات هەوڵی کڕینی وەزارەتی بەرگریی عێراق دەدەن
پەرلەمانتارێکی عێراقی رایدەگەیەنێت، کە سێ وڵات هەوڵی کڕینی پۆستی وەزیری بەرگریی وڵاتەکەی، دەدەن.

پێشتر موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر ئاشکرای کرد، کە هەردوو هاوپەیمانیی فەتح و بینا بە مامەڵەیەکی گەورەی ئابووری، هەولی کڕینی پۆستی وەزیری بەرگریی عێراق دەدەن.

بەدر زیادی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی سائیرون لە پەرلەمانی عێراق بە (سۆمەرییە نیوز)ی راگەیاندووە، هەر سێ وڵاتی قەتەر، ئیمارات و تورکیا پێشنیازی کڕینی وەزارەتی بەرگریی عێراقیان خستووەتە بەردەم لایەنە عێراقییەکان.

بەدر زیادی هەروەها رایگەیاندووە، بەهۆی دەستوەردانی ئەو سێ وڵاتە، تا ئێستا هیچ کەسێک بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری بەرگریی عێراق، دیاری نەکراوەتەوە.

عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق، درەنگانی شەوی چوارشەممە 24/10/2018 لە پەرلەمانی وڵاتەکەی سوێندی یاسایی خوارد و 14 وەزیر لە کابینەکەی، لە پەرلەمانەوە متمانەیان وەرگرت و هەشت وەزیریش بەهۆی رێکنەکەوتنی لایەنەکان، متمانەیان پێ نەدرا.

تا ئێستا بەهۆی کێشەی لایەنەکان، عەبدولمەهدی نەیتوانیوە ئەو هەشت وەزارەتەی ماوە، بەتایبەت وەزیری هەردوو وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگری، دیاری بکات.











باسنيوز
Top