شیكه‌ره‌وه‌ سیاسییه‌كان هۆشداری له‌ ململانێ تونده‌كانی نێو ماڵی شیعه‌ ده‌ده‌ن.

شیكه‌ره‌وه‌ سیاسییه‌كان هۆشداری له‌ ململانێ تونده‌كانی نێو ماڵی شیعه‌ ده‌ده‌ن.
ئه‌گه‌رچی هێشتا حكوومه‌ته‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق به‌ ته‌واوه‌تی پێكنه‌هێنراوه‌، به‌ڵام شیكه‌ره‌وه‌ سیاسییه‌كان هۆشداری له‌ ململانێ تونده‌كانی نێو ماڵی شیعه‌ ده‌ده‌ن.

ئه‌حمه‌د شه‌ریفی، شیكه‌ره‌وه‌ی سیاسی عێراقی رایده‌گه‌یه‌نێت، به‌هۆی ململانێی توندی نێوان هاوپه‌یمانی سائیروونی و موقته‌دا سه‌در و هاوپه‌یمانی فه‌تحی هادی عامری، حكوومه‌ته‌كه‌ی عه‌بدولمه‌هدی له‌ 100 رۆژی دوای پێكهێنانی ده‌كه‌وێت.

ئه‌و شیكه‌ره‌وه‌ سیاسییه‌ عێراقییه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، عه‌بدولمه‌هدی ناتوانێت ئه‌و به‌ڵێنانه‌ بباته‌سه‌ر كه‌ به‌ر له‌ پێكهێنانی حكوومه‌ت داویه‌تی.

به‌ گوێره‌ی وێبسایتی "ئه‌خباریه‌"ی عێراقی، ئه‌حمه‌د شه‌ریفی روونیكردووه‌ته‌وه‌، تا ئێستا عه‌بدولمه‌هدی نه‌یتوانیوه‌ كابینه‌كه‌ی به‌ ته‌واوه‌تی پێكبهێنێت و ناتوانێت هیچ خزمه‌تگوزارییه‌كیش پێشكه‌ش بكات.

شه‌ریفی روونیشی ده‌كاته‌وه‌، به‌هۆی ململانێ سیاسییه‌كان له‌سه‌ر پۆسته‌كان، كاركردنی حكوومه‌ت لاواز بووه‌، ئه‌وه‌ش له‌ جێبه‌جێكردنی كارنامه‌ی حكوومه‌ت له‌ چه‌ند ساڵی داهاتوو ره‌نگده‌داته‌وه‌.

ئه‌و شیكه‌ره‌وه‌ سیاسییه‌ جه‌خت له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه‌، ورده‌ ورده‌ ململانێكان توندتر ده‌بن تا ده‌گاته‌ ئاستی كه‌وتنی حكوومه‌ت و دووباره‌ سه‌رهه‌ڵدانی كێشمه‌كێشی راگه‌یاندنی گه‌وره‌ترین كوتله‌ و دیاریكردنی سه‌رۆكوه‌زیرانی نوێ.

شه‌ریفی ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات، ئێستا عه‌بدولمه‌هدی له‌ هه‌ڵوێستێكی ناله‌باردایه‌، چونكه‌ تا ئێستاش متمانه‌ی حكوومه‌ته‌كه‌ی له‌ مه‌حه‌كه‌ و به‌ ته‌واوه‌تی جێگیر نه‌بووه‌.





K24
Top