600 پۆستی حكوومی كڕین و فرۆشتنیان پێدەكرێت

600 پۆستی حكوومی كڕین و فرۆشتنیان پێدەكرێت
پەرلەمانتارێکی هاوپەیمانێتی چاکسازی ئاشكرای دەکات، 600 پۆستی حکوومی لەنێوان لایەنە سیاسییەکانی عێراق بۆ کڕین و فرۆشتنن.

ریاز مەسعودی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانێتی چاکسازی بە وێسایتی (المعلومة)ی رایگەیاندووە "کڕین و فرۆشتن بە پۆستە حکوومییەکان دیاردەیەکی باوە لەنێو عێراق".

گوتیشی: "600 پۆستی حکوومی هەن، کە ئامادەن بۆ ئەوەی لەنێوان لایەنە سیاسییەکان کڕین و فرۆشتنیان پێوەبکرێت".

ئەو پەرلەمانتارە جەختیکردەوە "ئەو پۆستە حکومییانە بەرامبەر بە ملیۆنان دۆلار لەنێوان لایەنە سیاسییەکان کڕین و فرۆشتینیان پێوەدەکرێت".

ئاماژەی بەوەشدا، پەرلەمان کار بۆ شکت پێهێنانی ئەو هەوڵەی لایەنەکان دەکات.

ھەر لەوبارەوە پێشتر وێبسایتی "الغد پرێس"ی عێراقی رایگەیاندبوو‌، ململانێكی ناوخۆی سووننه‌كان له‌سه‌ر پۆستی وه‌زاره‌تی به‌رگری به‌رده‌وامه‌ و گه‌یشتووه‌ته‌ ئاستێك، وه‌كو بۆرسه‌ نرخی ئه‌و پۆسته‌ به‌رز ده‌بێته‌وه‌ و ئێستاش كه‌سایه‌تییه‌كی سووننه‌ 30 ملیۆن دۆلار ده‌دات ئه‌گه‌ر پۆسته‌كه‌ وه‌ربگرێت.

ئه‌و سایته‌ عێراقیه‌ له‌ زاری سه‌رچاوه‌یه‌ك، كه‌ ناوه‌كه‌ی ئاشكرا نه‌كردووه‌، ده‌ڵێت: "كه‌سایه‌تییه‌كی ناسراوی عێراقی، 30 ملیۆن دۆلاری داوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ كاندیدی وه‌رگرتنی پۆستی وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق، له‌ كابینه‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی".


K24
Top