عێراق ره‌تیده‌كاته‌وه‌ پابه‌ندی سزاكانی سه‌ر ئێران بێت

عێراق ره‌تیده‌كاته‌وه‌ پابه‌ندی سزاكانی سه‌ر ئێران بێت
عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق رایگه‌یاند، وڵاته‌كه‌ی به‌شێك نییه‌ له‌ سیسته‌می سزاكانی ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌ر ئێران، بۆیه‌ پابه‌ند نییه‌ به‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌و سزایانه‌.

وێبسایتی رووسیه‌لیه‌وم، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، 21ی تشرینی دووه‌م/ نۆڤه‌مبه‌ری 2018، بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق له‌لێدوانێكدا رایگه‌یاندووه‌، سزاكانی ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌ر ئێران، "سزای نێوده‌وڵه‌تی نین و بڕیارێكی تایبه‌ته‌ به‌ ئه‌مه‌ریكا و سیاسه‌ته‌كانی واشنتن و بڕیارێكی عێراقی، یان نێوده‌وڵه‌تی نییه‌".

عه‌بدولمه‌هدی ده‌شڵێت: "ئێمه‌ به‌شێك نین له‌ دژایه‌تیكردنی هیچ وڵاتێك، هه‌ندێك وڵات هه‌ن، ده‌وڵه‌تانی رۆژئاوا و ئه‌مه‌ریكا به‌ دوژمن داده‌نێن، ئێمه‌ش به‌شێك نین له‌و رێكخراوه‌ دیاریكراوه‌كانه‌ بۆ به‌ ئامانجگرتنی به‌رژه‌وه‌ندی وڵاتان، هه‌روه‌ها به‌شێكیش نین له‌وانه‌ی كه‌ لایه‌نی سێیه‌میان كردووه‌ته‌ ئامانج و له‌ عێراق بوونییان هه‌یه‌، ته‌نها به‌ره‌نگاری رێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌كان ده‌بینه‌وه".

به‌ گوێره‌ی ئه‌و وێبسایته‌ رووسییه‌، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق "راشكاوانه‌" به‌ ئه‌مه‌ریكای گوتووه‌: "تكایه فه‌رمانمان بۆ ده‌رمه‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر پلانێكتان هه‌یه‌، له‌گه‌ڵ عێراق گفتوگۆی له‌سه‌ر بكه‌ن، ئه‌وكات عێراقیش هه‌ڵوێستی خۆی راده‌گه‌یه‌نێت، به‌ڵام پڕكردنه‌وه‌ و فه‌رمان ده‌كردنمان قه‌بووڵ نییه‌".

پێشتریش سه‌باره‌ت به‌و سزا نوێیانه‌ی كه‌ له‌ 5ی نۆڤه‌مبه‌ره‌وه‌ واشنتن له‌سه‌ر تارانی سه‌پاند، باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق رایگه‌یاند، به‌غدا بۆ ماوه‌ی 45 رۆژ بۆی هه‌یه‌ به‌رده‌وامبێت له‌ كڕینی غازی ئێرانی، تا ئه‌وكاته‌ی جێگره‌وه‌یه‌كی ئه‌و وڵاته‌ په‌یدا ده‌كات.

عێراق بۆ كارپێكردنی وێستگه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با، غازی سرووشتی له‌ ئێران ده‌كڕێت، جگه‌ له‌ كه‌لوپه‌لی دیكه‌ی بازرگانی، تا ده‌گاته‌ خۆراك و پێداویستی ناوماڵ و ئۆتۆمبێل.

به‌ گوێره‌ی ئاماره‌كانیش، قه‌باره‌ی بازرگانی نێوان عێراق و ئێران، ساڵی رابردوو گه‌یشتووه‌ته‌ 12 ملیار دۆلار و هه‌ردوولاش رایانگه‌یاندووه‌، كار له‌سه‌ر به‌رزكردنه‌وه‌ی به‌های بازرگانی نێوانییان ده‌كه‌ن.





K24
Top