ئیرەج مەسجدی، باڵیۆزی ئێران لە بەغدا: بە توندترین شێوە سزای عێراقی عەرەبی دەدەین
ئیرەج مەسجدی، باڵیۆزی ئێران لە بەغدا رایگەیاندووە، ئەو کێشانەی لە ئەنجامی سزاکانی ئەمریکا بەسەر ئێران پەیدا دەبن، ”بە تەنیا ئێمە ناگرنەوە“، بەڵکو کاریگەرییان بەسەر وڵاتانی دیکەی ناوچەکەشەوە دەبێت.
ئیرەج مەسجدی لە لێدوانەکەیدا، کە رۆژنامەی (ئەلوەتەن)ی بەحرێنی بڵاوی کردووەتەوە، هەڕەشەی لە عێراق کردووە و رایگەیاندووە، ئەگەر عێراق پابەندی سزاکانی ئەمریکا بێت و دەستبەرداری بازرگانیکردن بێ لەگەڵ ئێران، ئەوا ”بە توندترین شێوە سزای دەدەین“.
مەسجدی ئاشکرای کردووە، کە عێراق بە بەنیازە بە بڕی 100 ملیار دۆلار 1200 پرۆژەی وەبەرهێنان رادەستی کۆمپانیاکان بکات و داواشی لە کۆمپانیاکانی وڵاتەکەی کردووە قەبارەی وەبەرهێنانەکانیان لە عێراق زیاد بکەن.
دوای رووخاندنی رژێمی عێراق لە ساڵی 2003، حزبە شیعییەکانی عێراق دەستیان بەسەر حوکمڕانیی ئەو وڵاتەدا گرت و سەرکردەکانی پێکهاتەی سوننەمەزهەبیش ئاماژە بەوە دەکەن، کەئەو حزبە شیعییانە بە فەرمانی ئێران دەجوڵێنەوە.
دوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتننامەی ناوکی و سەپاندنی چەندین سزا بەسەر ئێران، دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی لە هەموو ئەو وڵات و لایەنانە کرد، کە یان دەبێ بچنە بەرەی ئێران یاخود پابەندی سزاکانی ئەمریکا بن بەسەر ئێران.
شەوی 8/5/2018، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک، واژۆ کرد.
رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک لە سەرەتای نیسانی 2015 لە شاری لۆزان لە سویسڕا واژۆ کرا، کە بەپێی ئەو رێککەوتنە ئێران دەستبەرداری دروستکردنی چەکی ناوکی دەبێت و ئەمریکاش سزاکانی لەسەر ئەو وڵاتە سووک دەکات.
وڵاتانی پێنج + یەک بریتین لە پێنج وڵاتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی (ئەمریکا، فەرەنسا، رووسیا، بەریتانیا و چین) و ئەڵمانیا پێک دێت.
باسنیوز