سەرپەرشتیارێکی خۆپیشاندانەکانی بەسرە تیرۆر کرا
شێخ ویسام ڕاوی، زانایەکی ئاینیی بەسرەیە و یەکێک بوو لە سەرپەرشتیارانی خۆپیشاندانەکانی خەڵکی شارەکە، کە داوای ئاوی خواردنەوە و کارەبا و چوونە دەرەوەی میلیشیا ئێرانییەکانیان لە شارەکەیان، دەکرد.
بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەککان، شێخ ویسام راوی لەلایەن ژمارەیەک چەکداری میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، کە لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، لەبەردەم ماڵەکەی خۆی لە بەسرە، دەستڕێژی گوللەی لێ کراوە.
هەروەک سەرچاوە عێراقییەکان باسی دەکەن، دوای رووداوەکە، شێخ ویسام راوی گەیەندراوەتە نەخۆشخانە، بەڵام بەهۆی سەختیی برینەکانییەوە، گیانی لەدەست داوە.
چەند مانگێکە ئاوی بەسرە پیس بووە و بەهۆیەوە دەیان کەس ژەهراوی بوون، هەرچەندە هاووڵاتییانی بەسرە نزیکەی دوو مانگە خۆپیشاندان دەکەن و داوای چارەسەرکردنی دەکەن، بەڵام حکوومەتی عێراق گوێ بە داواکارییەکەیان نادات.
ئەو خۆپیشاندانانە لە ناوەڕاستی مانگی 7ـی ئەمساڵەوە دژی نەبوونی ئاوی خواردنەوە، کارەبا و باڵادەستیی هێز و میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە عێراق دەستیان پێ کرد، بەڵام حکوومەت و میلیشیا عێراقییەکان لە بری دابینکردنی داوا رەواکانیان، بە گوللە وەڵامیان دەدەنەوە.
باسنیوز