ده‌ست به‌ لێكۆڵینه‌وه‌كردن له‌ دۆسیه‌ی خراپبوونى 7 ملیار دیناره‌كه‌ كرا

 ده‌ست به‌ لێكۆڵینه‌وه‌كردن له‌ دۆسیه‌ی خراپبوونى 7 ملیار دیناره‌كه‌ كرا
دادگاى باڵاى عێراق، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 15/ 11/ 2018 ڕای گه‌یاند، له‌باره‌ى خراپبوونى 7 ملیار دیناره‌كه‌ى بانكی ڕافیده‌ین، ده‌ستى به‌لێكۆڵینه‌وه‌كردن، كرد.


دادوه‌ر عه‌بدولستار به‌یره‌قدار، گوته‌بێژى دادگاى باڵاى عێراق، ڕای گه‌یاند: "دادگاى لێكۆڵینه‌وه‌ى ڕه‌سافه‌، ده‌ستى به‌ لێكۆڵینه‌وه‌كردن له‌ دۆسیه‌ی ژێرئاوكه‌وتنى 7 ملیار دینار له‌ خه‌زنه‌كانى بانكى ڕافیده‌ین، كرد".


ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا، كه‌ هه‌موو ڕێكاره‌ یاساییه‌كان به‌رامبه‌ر به‌وانه‌ى هۆكاربوون له‌ خراپبوونى ئه‌و پاره‌یه‌، ده‌گیرێته‌به‌ر و لێپرسینه‌وه‌ی یاساییان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت.


پێشتر عه‌لى عه‌لاق، پارێزگارى به‌وه‌كاله‌تى بانكى ناوه‌ندیی عێراق، ڕۆژى دووشه‌ممه‌ 12/ 11/ 2018 له‌به‌رده‌م په‌رله‌ماندا ئاشكراى كرد، به‌هۆى بارانه‌وه‌ 7 ملیار دینارى عێراقی له‌ خه‌زنه‌كانى بانكى ڕافیده‌یندا له‌ به‌غدا، خراپ بوون.


به‌گوته‌ى سه‌رچاوه‌یه‌كی په‌رله‌مانیش، ڕێژه‌ى تێكچوونى ئه‌و پارانه‌، گه‌یشتووه‌ته‌ 100% و به‌ته‌واوه‌تى تێكچون.



له‌ وه‌ڵامى پرسیاری جێگرى یه‌كه‌مى سه‌رۆك وه‌زیران: “ئایا هیچی لێ مایه‌وه‌؟”، پارێزگارى بانكى ناوه‌ندیی، گوتى: "نه‌خێر هه‌موویمان له‌ناو برد و كۆنووسێكمان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌، واژۆ كردوه‌".









Basnews
Top