ئیخڵاس دلێمی: له‌ پرۆژه‌یاسای بودجه‌ مافه‌كانى هه‌رێمی كوردستان له‌به‌رچاو نه‌گیراون

 ئیخڵاس دلێمی: له‌ پرۆژه‌یاسای بودجه‌ مافه‌كانى هه‌رێمی كوردستان له‌به‌رچاو نه‌گیراون
فراكسیۆنى پارتى دیموكراتى كوردستان له‌ په‌رله‌مانى عێراق، له‌سه‌ر زارى په‌رله‌مانتارێكییه‌وه‌، ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، پێویسته‌ یاسای بودجه‌ ده‌ستكارى بكرێت، چونكه‌ مافه‌كانى هه‌رێمی كوردستانى تێدا له‌به‌رچاو نه‌گیراون.

ئیخڵاس دلێمی، په‌رله‌مانتارى پارتى له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، ڕايگه‌یاند: "به‌پێویستى ده‌زانین پرۆژه‌یاسای بودجه‌ى گشتیی عێراق بۆ ساڵى 2019 ده‌ستكارى بكرێت، چونكه‌ مافه‌كانى هه‌رێمی كوردستانى تێدا له‌به‌رچاو نه‌گیراوه‌".

ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا، كه‌ كورد ته‌نها نییه‌ له‌ ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین به‌رامبه‌ر بودجه‌، به‌ڵكو چه‌ند لایه‌نێك و پارێزگایه‌كی دیكه‌ش ناڕازین.

ڕوونیشی كرده‌وه‌، كه‌ هاوسۆزن بۆ پارێزگاى به‌سڕه‌ و په‌رله‌مانتاره‌كانى ئه‌و پارێزگایه‌، چونكه‌ ئه‌وانیش به‌هه‌مان شێوه‌ مافه‌كانیان له‌به‌رچاو نه‌گیراوه‌، گوتیشی: "زۆرێك له‌لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان یاساكه‌یان ڕه‌تكردووه‌ته‌وه‌ و داواى ده‌ستكاریكردنى ده‌كه‌ن".

پرۆژه‌یاسای بودجه‌ى گشتیی عێراق بۆ ساڵى 2019، كه‌ وه‌ك مه‌سعود حه‌یده‌ر، په‌رله‌مانتارى پێشووى عێراق، ڕای گه‌یاند، له‌لایه‌ن حكوومه‌تى پێشووه‌وه‌ به‌سه‌رۆكایه‌تی حه‌یده‌ر عه‌بادى به‌ڕووحییه‌تێكى دیكتاتۆرییانه‌ و شۆڤینانه‌ ئاماده‌ كراوه‌.

له‌ یاساكه‌دا، پشكى هه‌رێمی كوردستان بۆ 12.67 كه‌م كراوه‌ته‌وه‌ و بودجه‌ى سیادیش به‌شێوه‌یه‌ك زیاد كراوه‌، كه‌ زیان به‌هه‌رێمی كوردستان بگه‌یه‌نێت.












باسنيوز
Top