مالیکی داوای زیادکردنی وەزارەتێک بۆ حکوومەتی عێراق دەکات
ئەمڕۆ یەکشەممە 11/11/2018، نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر) رایگەیاندووە، پێویستە ژنان رۆڵیان کلە بەڕێوەبردنی وڵات پێ بدرێت.
نوری مالیکی، کە لە 2006 تا 2014 سەرۆک وەزیران و لە 2014 تا 2018 جێگری سەرۆک کۆماری عێراق بوو، داوای کردووە وەزارتێک بەناوی وەزارەتێک بۆ ژنان و کاروباری خێزان و منداڵ لە حکوومەتی ئێستای عیراق زیاد بکرێ.
سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بۆ داواکەی ئاراستەی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە، لەکاتێکدا هێشتا عادل عەبدولمەهدی نەیتوانیوە هەشت وەزارەتی کابینەکەی، پڕ بکاتەوە.
عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق، درەنگانی شەوی چوارشەممە 24/10/2018 لە پەرلەمانی وڵاتەکەی سوێندی یاسایی خوارد و 14 وەزیر لە کابینەکەی، لە پەرلەمانەوە متمانەیان وەرگرت و هەشت وەزیریش بەهۆی رێکنەکەوتنی لایەنەکان، متمانەیان پێ نەدرا.
باسنيوز