داعش له‌ عێراق هێرش ده‌كات و حه‌شدیش له‌ سووریا لێیده‌دات

داعش له‌ عێراق هێرش ده‌كات و حه‌شدیش له‌ سووریا لێیده‌دات
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی چه‌كدارانی داعش چه‌ندینجاره‌ كرده‌وه‌ و په‌لاماری تیرۆریستی له‌ناو خاكی عێراق ئه‌نجام ده‌ده‌ن، به‌ڵام میلیشیاكانی حه‌شد له‌ ناو خاكی سووریا چه‌كدارانی ئه‌و رێكخراوه‌ ده‌كه‌نه‌ ئامانج.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی شانه‌ی راگه‌یاندنی جه‌نگی حه‌شد، له‌سه‌ر بنه‌مای زانیاری "هه‌واڵگری" هێزه‌كانی حه‌شد پێگه‌كانی چه‌كدارانی رێكخراوی داعشییان له‌ نزیك ناوچه‌ سنوورییه‌كانی عێراق له‌ناو سووریا، بۆردومان كردووه‌.

وه‌ك له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا، كه‌ له‌لایه‌ن میدیا عێراقییه‌كان بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، هاتووه‌: "هیزه‌كانمان (حه‌شد)، ژماره‌یه‌ك چه‌كداری داعشییان كردووه‌ته‌ ئامانج، كه‌ له‌ناو خاكی سووریاوه‌ هه‌وڵی به‌زاندنی سنووری عێراقییان داوه‌".

ماوه‌یه‌كه‌ جموجۆڵی چه‌كدارانی داعش سه‌ریهه‌ڵداوه‌ته‌وه‌ و چه‌ندینجار هێرش و په‌لامار له‌ ناوچه‌ جیاوازه‌كانی عێراق ئه‌نجام ده‌ده‌ن، به‌ گوێره‌ی هه‌ندێك راپۆرتی په‌یمانگه‌ توێژینه‌وه‌ و ستراتیژییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیش، داعش سه‌رقاڵی رێكخستنه‌وه‌ی ریزیه‌كانییه‌تی هاوشێوه‌ی ساڵی 2014 و هۆشداری له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی رێكخراوه‌كه‌ ده‌ده‌ن به‌ شێواز و ناوی جیاواز.

ئه‌وه‌ له‌كاتێكدایه‌، حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆكوه‌زیرانی پێشووی عێراق، له‌ كانوونی یه‌كه‌م/ دیسه‌مبه‌ری 2017ه‌وه‌ كۆتاییهاتنی شه‌ڕی دژی داعشی له‌ وڵات راگه‌یاند، به‌ڵام تا ئێستاش رێكخراوه‌كه‌ مه‌ترسی له‌سه‌ر ئاسایشی وڵات ماوه‌.




K24 -
Top