عه‌بادی سه‌رقاڵی پێكهێنانی به‌ره‌یه‌كی ئۆپۆزیسیۆنه‌ له‌ناو په‌رله‌مان عێراق

عه‌بادی سه‌رقاڵی پێكهێنانی به‌ره‌یه‌كی ئۆپۆزیسیۆنه‌ له‌ناو په‌رله‌مان عێراق
حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆكوزه‌یرانی پێشووی عێراق، سه‌رقاڵی پێكهێنانی به‌ره‌یه‌كی ئۆپۆزیسیۆنه‌ له‌ناو په‌رله‌مان عێراق، ره‌نگه‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ش، ئه‌ركی عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆكوه‌زیران قورستر بكات، به‌و پێیه‌ی له‌ دوای 2003ه‌وه‌ هیچ به‌ره‌یه‌كی په‌رله‌مانى به‌ فه‌رمی له‌ ژێر ناوی ئۆپۆزیسیۆن بوونی نه‌بووه‌.

به‌ گوێره‌ی راپۆرتێكی "العربی الجدید" په‌رله‌مانتارێكی هاوپه‌یمانی نه‌سر، كه‌ عه‌بادى سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات رایگه‌یاندووه‌، هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌یان له‌لایه‌ن عادل عه‌بدولمه‌هدییه‌وه‌ پشتگوێخراوه‌ و هیچ پۆستێكی وه‌زارییان پێنه‌دراوه‌، بۆ ئێستا ئه‌وان و عه‌بادییش بیریان له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌، به‌ ئاراسته‌ی ئۆپۆزیسیۆن بوون هه‌نگاو بنێن و چه‌ند كوتله‌یه‌كی دیكه‌شیان رازیكردووه‌.

په‌رله‌مانتاره‌كه‌ دووپاتی له‌وه‌ كردووه‌، ئه‌و ئۆپۆزیسیۆنه‌ به‌ فه‌رمی له‌ناو په‌رله‌مان كار ده‌كات و هه‌وڵ ده‌دات رێڕه‌وی پرۆسه‌ی سیاسی وڵات "راستبكاته‌وه‌"، به‌ گوته‌ی ئه‌و ئێستا له‌سه‌ر رێگه‌ی سه‌ره‌كی خۆی لایداوه‌.

په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی نه‌سڕ ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌یان به‌ ته‌واوه‌تی ده‌بێته‌ ئۆپۆزیسیۆن و به‌شێكی دیكه‌ش له‌ كوتله‌كانی دیكه‌ ئه‌ندامانییان ئۆپۆزیسیۆن بوون راده‌گه‌یه‌نن، وه‌ك ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات یه‌كێك له‌وانه‌ ره‌وتی حیكمه‌یه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی عه‌مار حه‌كیم و ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتاری ده‌وڵه‌تی یاسا.

هه‌رچه‌نده‌ یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانی راگه‌یاندنی ئه‌و به‌ره‌یه‌، وه‌ك له‌ راپۆرته‌كه‌ ئاماژه‌ی بۆ كراوه‌، پێنه‌دانی پۆسته وه‌زارییه‌كانه‌ به‌ هاوپه‌یمانی نه‌سڕ، به‌ڵام ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ رایده‌گه‌یه‌نێت، عه‌بادی به‌ هیچ پۆستێك رازی نه‌بووه‌ بۆیه‌ ئۆپۆزیسیۆنبوونی هه‌ڵبژاردووه‌.

هه‌ریه‌كه‌ له‌ هاوپه‌یمانی نه‌سڕ و ره‌وتی حیكمه‌، هیچ پۆستێكی وه‌زارییان له‌ كابینه‌كه‌ی عه‌بدولمه‌هدی پێنه‌دراوه‌، له‌كاتێكدا پێشتر به‌ڵێنی پێكهێنانی كابینه‌یه‌كی ته‌وافوقیان پێدرابوو، ئه‌وه‌ش نیگه‌رانی ئه‌و دوو كوتله‌یه‌ی به‌دوای خۆیدا هێناوه‌ و عه‌بادیش بڕیاری پێكهێنانی به‌ره‌یه‌كی ئۆپۆزیسیۆنی داوه‌.

حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆكوه‌زیرانی پێشووی عێراق، ئه‌گه‌رچی هه‌وڵی زۆریدا بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی ویلایه‌تی دووه‌م و به‌رده‌وامبوون له‌ پۆسته‌كه‌ی، به‌ڵام له‌ هه‌ڵبژاردنی 12ی ئایاری رابردوو، نه‌یتوانی ببێته‌ هێزی یه‌كه‌م، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا پشتیوانی ده‌كرد، به‌ڵام به‌هۆی دژایه‌تیكردنی زۆربه‌ی لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان و نه‌ته‌وه‌ی كوردیش، نه‌یتوانی پشتیوانی ته‌واو بۆ به‌رده‌وام بوون له‌ پۆسته‌كه‌ی به‌ده‌ستبهێنێت.


K24 -
Top