سەلیم جبوری پۆستێکی باڵا وەردەگرێت
محەمەد کەربولی، پەرلەمانتاری میحوەری وەتەنی بە رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت)ی راگەیاندووە، تا ئێستا پۆستی وەزیری پەروەردە بۆ سەبا تائی یەکلا بووەتەوە و پۆستی وەزیری پلاندانانیش ناکۆکیی لەسەرە.
محەمەد کەربولی هەروەها رایگەیاندووە، کە سەلیم جبوری، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی عێراق لە وەرگرتنی پۆستی وەزیری بەرگریی عێراق نزیک بووەتەوە.
دوای زیاتر لە پێنج مانگ لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، کە رۆژی 12/5/2018 ئەنجام درا، لایەنە عێراقییەکان گەیشتنە رێککەوتن و عادل عەبدولمەهدییان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق دیاری کرد.
عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق، درەنگانی شەوی چوارشەممە 24/10/2018 لە پەرلەمانی وڵاتەکەی سوێندی یاسایی خوارد و 14 وەزیر لە کابینەکەی، لە پەرلەمانەوە متمانەیان وەرگرت و هەشت وەزیریش بەهۆی رێکنەکەوتنی لایەنەکان، متمانەیان پێ نەدرا.
باسنیوز