له‌ په‌رله‌مانی عێراق كار بۆ جه‌نگی دژ به‌ سعوودیه‌ ده‌كرێت

له‌ په‌رله‌مانی عێراق كار بۆ جه‌نگی دژ به‌ سعوودیه‌ ده‌كرێت
عوده‌ی عه‌واد، په‌رله‌مانتاری كوتله‌ی سادیقونی سه‌ر به‌ گروپی عه‌سائیب ئه‌هلول حه‌قی حه‌شدی شه‌عبی له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق هه‌ڕه‌شه‌ی پێكهێنانی گروپێكی چه‌كداری گه‌نجان بۆ پارێزگاریكردن له‌ یه‌مه‌ن له‌ دژی سعوودیه‌ ده‌كات.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی حه‌شدی شه‌عبی گوتی: "بزووتنه‌وه‌یه‌ك له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتاری عێراقی له‌ئارادایه‌، بۆئه‌وه‌ی داوا له‌ دادگا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بكه‌ن, رێككاری یاسایی به‌رامبه‌ر ئه‌و وڵاتانه‌ بگرنه‌ به‌ر، كه‌ تاوانی دژ به‌ مرۆڤایه‌تی له‌ یه‌مه‌ن ئه‌نجام ده‌ده‌ن‌"، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "هه‌ر هێرشێك له‌لایه‌ن ئه‌و هێزانه‌وه‌ ئه‌نجامبدرێت و ببێته‌ هۆی زیانی مرۆیی له‌ ریزه‌كانی سڤیل، ئه‌وا ناویان ده‌خه‌نه‌‌ لیسته‌ خوێناوییه‌كه‌یان".

عه‌واد دووپاتیكرده‌وه‌، "پێویسته‌ رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ئه‌و هێرشانه‌ شه‌رمه‌زار بكه‌ن و داوا له‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان بكه‌ن له‌ رێگه‌ی دادگا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ئه‌و هێرشانه‌ بوه‌ستێنن و هاوپه‌یمانی عه‌ره‌بی به‌ سه‌ركردایه‌تی عه‌ره‌بستانی سعوودیه‌ سزا بده‌ن"، كه‌ به‌ گوته‌ی خۆی، "هێرشه‌كانیان بوونه‌ته‌ هۆكاری گیانله‌ده‌ستدانی چه‌ندین هاووڵاتی یه‌مه‌نی، به‌تایبه‌ت ئافره‌ت و منداڵ".

عوده‌ی عه‌واد هاوپه‌یمانی عه‌ره‌بی به‌ سه‌ركردایه‌تی سعوودیه‌ی به‌وه‌ تۆمه‌تبار كرد، كه‌ "تاوانی دژ به‌ مرۆڤایه‌تی به‌رامبه‌ر منداڵانی یه‌مه‌ن ئه‌نجامده‌دات" و جه‌ختی كرده‌وه‌، "ئه‌گه‌ر ئه‌وان ناچار بوون، ئه‌وا گروپێكی گه‌نجانی خۆبه‌خش پێكده‌هێنن، بۆئه‌وه‌ی به‌مه‌به‌ستی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ریاز و هاوپه‌یمانه‌كانی و هه‌روه‌ها پارێزگاریكردن له‌ خه‌ڵكی یه‌مه‌ن بچنه‌ ئه‌و وڵاته‌".

كوتله‌ی سادیقون له‌ په‌رله‌مانی عێراق نوێنه‌رایه‌تی گروپی عه‌سائیب ئه‌هلول حه‌قی سه‌ر به‌ حه‌شدی شه‌عبی، به‌ سه‌رۆكایه‌تی قه‌یس خه‌زعه‌لی ده‌كات و، ده‌گوترێت ئه‌و گروپه‌ راسته‌وخۆ فه‌رمان له‌ ئێران وه‌رده‌گرێت.
k24-
Top