ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق پرۆژە یاسای بودجەی 2019 تاوتوێ دەکات

 ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق پرۆژە یاسای بودجەی 2019 تاوتوێ دەکات
بڕیارە ئەمڕۆ شەممە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆ ببێتەوە و چەند پرسی وەک پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2019 و قسەکردن لەبارەی لێژنە هەمیشەییەکانی پەرلەمان کۆ ببێتەوە.



بەپێی زانیاریی میدیاکانی عێراق، بڕیارە ئەمڕۆ شەممە 2018/11/10 ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆ ببێتەوە و پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2019 کە لەلایەن حکوومەتی عەبادییەوە ئامادە کراوە و کاتی خۆی ڕەت کراوەتەوە، تاوتوێ بکرێت.



هاوکات بڕیارە لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراقدا پرسی پێکهینانی لێژنە هەمیشەییەکانی پەرلەمان و هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق، قسەیان لەبارەوە بکرێت، بەڵام پرسی هەڵبژێران و متمانەبەخشین بە هەشت وەزیری کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی لە بەرنامەی کاریی پەرلەماندا نییە.



لە کاتێکدا بڕیارە قسە لەبارەی پرۆژە یاسای بوودجەی ساڵی 2019ی عێراق بکرێت، کەچی فراکسیۆنە کوردستانییەکان دژی ئەو پرۆژە یاسایەن کە حکوومەتی عەبادی ئامادەی کردووە و پشکی کورد تێیدا کەم کراوەتە و خوازیاری گەڕانەوەیەن بۆ ئەنجەمەنی وەزیران و عادل عەبدولمەهدی سەرۆکوەزیرانیش بە ناردنی نامەیەک بۆ پەرلەمانی عێراق داوای کردووە کە بە هەر لەونێک بووە ئەو پرۆژەیە پەسەند بکرێت و نەگەڕێندرێتەوە، بەڵام پەرلامنتارانی کورد و سوننە دژی ئەو پرۆژە یاسایەن و پێیان وایە ئەوان متمانەیان بەم کابینەیەی عادل عەبدولمەهدی داوە، نەک کابینەی پێشووی عەبادی کە بەشێک لە ئامانجی لەو پرۆژە یاسایە و کەمکردنەوەی پشکی کورد، سزادانی کورد بووە.





باسنیوز
Top