چه‌كدارانی داعش له‌ گوندێكی مووسڵ 3 هاووڵاتیان كوشت

چه‌كدارانی داعش له‌ گوندێكی مووسڵ 3 هاووڵاتیان كوشت
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی به‌رپرس رایگه‌یاند، شه‌وی رابردوو ژماره‌یه‌ك چه‌كداری داعش، هه‌ڵیانكوتاوه‌ته‌ سه‌ر گوندێكی مووسڵ و 3 كه‌سیان كوشتووه‌.

وێبسایتی شه‌فه‌ق نیوز بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، دره‌نگانی شه‌وی رابردوو، هه‌شت چه‌كداری ئه‌و رێكخراوه‌ توندڕه‌وه‌، به‌ ئۆتۆمبێلێكی "پیكاب" چوونه‌ته‌ گوندێك به‌ناوی "خه‌ربه‌ حه‌ماد"، كه‌ به‌ دووری 30ی كیلۆمه‌تر ده‌كه‌وێته‌ قه‌زای حه‌زه‌ری سه‌ر به‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ بۆ وێبسایته‌كه‌ ئاشكراشی كردووه‌، به‌هۆی هێرشی ئه‌و چه‌كدارانی داعش بۆ سه‌ر گونده‌كه‌، سێ هاووڵاتی له‌ هۆزی "ئه‌لبو حه‌مه‌د" كوژراون، له‌ ریزی كوژراوانیش دووانییان كوڕ و باوكن.

شه‌وی رابردووش بۆ یه‌كه‌مجار له‌ دوای كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی سه‌نته‌ری شاری مووسڵ له‌ ده‌ست چه‌كدارانی داعش، ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو له‌ نزیك یه‌كێك له‌ ریستورانته‌كانی شاره‌كه‌ ته‌قیه‌وه‌، به‌هۆیه‌وه‌ 2 كه‌س كوژران و نزیكه‌ی 14 كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون.

چه‌كدارانی داعش له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ی عێراق سه‌رقاڵی خۆڕێكخستنه‌وه‌ن و چه‌ندین جاریشه‌ هێرشی هاوشێوه‌ له‌ پارێزگا و ناوچه‌كانی رۆژئاوای عێراق ئه‌نجام ده‌ده‌ن، چاودێرانیش هۆشداری ده‌ده‌ن له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی رێكخراوه‌كه‌ له‌ ژێر ناو و رێكخستنی جۆراوجۆر.
k24 -
Top