بودجەی حەشدی شەعبی لە بودجەی 13 وەزارەتی حكومەت زیاترە

 بودجەی حەشدی شەعبی لە بودجەی 13 وەزارەتی حكومەت زیاترە
دوای كەمێك دەستكاری و هەمواركردن، پرۆژە یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2019 بە 22 تریلیۆن دینار كورتهێنانەوە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كرا. پشكی كورد لە بودجەكەدا 12%یە. ئەویش دوای دەركردنی خەرجی سیادی و حاكیمە. بەغدا كاتێك ئەو بودجەیە دەنێرێ‌ كە هەرێمی كوردستان رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ بكات.

كورتهێنانی بودجە

بەپێی پرۆژە یاساكە كە كۆپییەكی دەست (رووداو) كەوتووە، خەرجیی وەزارەتەكان و فەرمانگە نەبەستراوەكان بە وەزارەتەكانی حكومەتی عێراق بە 128 تریلیۆن و 443 ملیار و 53 ملیۆن و 427 هەزار دینار خەمڵێنراوە، لە كاتێكدا داهاتی عێراق بە (نەوتی و نا نەوتی) لە 2019دا بە 105 تریلیۆن و 569 ملیار و 686 ملیۆن و 780 هەزار دینار خەمڵێنراوە (داهاتی نەوتی: 93 تریلیۆن و 741 ملیار و 100 ملیۆن و 400 هەزار دینارە. داهاتی نانەوتی: 11 تریلیۆن و 828 ملیار و 576 ملیۆن و 470 هەزار دینارە) بەو مەرجەی حكومەتی عێراق رۆژانە 3 ملیۆن و 880 هەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێ‌ كە 250 هەزار بەرمیل نەوتی هی كوردستان بێ‌، نرخی بەرمیلێك نەوتیش بە 56 دۆلار حیساب كراوە.

بودجەی سیادی بە 46 تریلیۆن و 872 ملیار و 918 ملیۆن و 411 هەزار دینار خەمڵێنراوە، بودجەی حاكیمەش بە 4 تریلیۆن و 689 ملیار و 918 ملیۆن و 272 هەزار دینار.

كورتهێنانی بودجە، بەپێی پرۆژە یاساكە بە 22 تریلیۆن و 873 ملیار و 365 ملیۆن و 557 هەزار دینار تەخمین كراوە. حكومەتی عێراق چاوی لەوەیە كە بە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، یان زیادكردنی ئاستی هەناردنی نەوت، یانیش بە قەرزە دەرەكییەكان ئەو كورتهێنانە پڕبكاتەوە.

ئەحمەد سەففار، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: "پرۆژە بودجەی 2019 كۆپییەكی زۆر خراپی پرۆژە بودجەی ساڵی رابردووە. ساڵی رابردوو عەبادی ئەوەی وەكو سزایەك بەكاریهێنا بۆ سزادانی هەرێمی كوردستان، ئێستا هەر حكومەتی عەبادی پرۆژە بودجەی 2019 ی ئامادە كردووە و لە دوایین رۆژەكانی دەسەڵاتی خۆیدا تێیپەڕاند".

سەففار لەو باوەڕەدایە عادل عەبدولمەهدی، سەرۆكوەزیرانی عێراق ئەو پرۆژە یاسایە قبوڵ نەكات، چونكە پرۆژەی بودجە تەعبیر لە سیاسەتی حكومەت دەكات و حەز دەكات بگەڕێتەوە بۆ حكومەت. هەروەها دەڵێت: "نەك كورد بەڵكو سەرجەم كوتلەكانی پەرلەمان ئەو پرۆژە یاسایە دەگەڕێننەوە بۆ حكومەت. چونكە خەڵكی بەسرە و ئەنبار و مووسڵ و پارێزگاكانی دیكە پێی رازی نین. مەعقول نییە 2 تریلیۆن دینارت بۆ حەشدی شەعبی دانابێ‌ و كەمتر لە تریلیۆنێك دیناریش بۆ شارێكی وێرانبووی وەكو مووسڵ".

سەبارەت بەپڕكردنەوەی ئەو كورتهێنانە، ئەحمەد سەففار دەڵێت: "كورتهێنانەكە ئێستا بووەتە 27 تریلیۆن. ئەوە كورتهێنانی تەخمینكراوە. ئەوان بەرمیلی نەوتیان لەسەر بنەمای 56 دۆلار حیساب كردووە، بەڵام ئێستا نرخەكەی زیاترە و هەندێك جار دەگاتە سەرووی 80 دۆلار، پلانی عێراقیش ئەوەیە لە 2019دا رۆژانە پێنج ملیۆن بەرمیل نەوت بنێرێ‌، بۆیە ئەگەر حیسابی جیاوازیی نرخ و بڕی بەرهەمهێنان بكەین، ئەوە دەگاتە نزیكەی 35 تریلیۆن دینار، ئەوكاتە حكومەت نەك كورتهێنانی دەبێ‌، بەڵكو داهاتی زیادەشی دەبێ‌".

پشكی كورد لە بودجەی عێراقدا

مانگی شوباتی 2014 ، بە بڕیارێكی نووری مالیكی، سەرۆكوەزیرانی پێشووتری عێراق، بودجەی هەرێمی كوردستان بڕدرا، دواتر لە سەردەمی كابینەی عەبادی، هەولێر و بەغدا، پرسی بودجەی هەرێمی كوردستانیان گەڕاندەوە سەر مێزی دانوستاندن و لە كۆتایی 2015 رێككەوتن. بەڵام رێككەوتنەكە درێژەی نەكێشا. دوای گشتپرسییەكەی باشووری كوردستان، جارێكی دیكە بەغدا و هەولێر لەسەر پرسی بودجە رێككەوتن، ئێستا بەغدا مانگانە 317 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان دەنێرێ‌.

لە پرۆژە بودجەی 2019 دا پشكی كورد بە شێوەی جۆراوجۆر باسی لێوە كراوە. لە هەندێك شوێن بە (پارێزگاكانی هەولێر، دهۆك، سلێمانی) ناوی هاتووە، لە هەندێك شوێن بە (پارێزگاكانی هەرێم) لە چەند شوێنێكیش بە (پارێزگاكانی باكوور).

ئەحمەد سەففار دەڵێت: "ئەو جۆرە ناوهێنانە تەواو نادەستوورییە، چونكە لە دەستوور هاتووە، هەرێمی كوردستان هەرێمێكی فیدراڵییە لە چوارچێوەی عێراقدا".

لە پرۆژە بودجەكەدا پشكی كوردستان (پارێزگاكانی هەولێر، دهۆك و سلێمانی) بە 12.67% خەمڵێنراوە، ئەویش دوای دەركردنی بودجەی سیادی و حاكیمە كە پشكی هەرێم لە بودجەدا دەبێتە 8 تریلیۆن و 741 ملیار و 406 ملیۆن دینار.
هەروەها پشكی كوردستان لە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان بە 126 ملیار و 700 ملیۆن دینار خەمڵێنراوە، لەگەڵ پارەی ئەو پرۆژانەی كە لەلایەن قەرزی دەرەكییەوە تەمویل دەكرێن و بڕەكەی 102 ملیار و 361 ملیۆن دینارە. بەو پێیە پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجە دەگاتە 8 تریلیۆن و 970 ملیار و 467 ملیۆن دینار. ئەو بودجەیەش دابەشی سەر سێ‌ پارێزگای هەرێمی كوردستان كراوە كە بەو جۆرەیە: پارێزگای هەولێر 3 تریلیۆن و 279 ملیار و 864 ملیۆن دینار. پارێزگای سلێمانی 3 تریلیۆن و 528 ملیار و 477 ملیۆن دینار. پارێزگای دهۆك 2 تریلیۆن و 168 ملیار و 125 ملیۆن دینار.

هەروەها لە بودجەی حاكیمەدا كە بڕەكەی بە 5 تریلیۆن و 284 ملیار و 130 ملیۆن دینار خەمڵێنراوە، 594 ملیار و 212 ملیۆن دیناری بۆ هەرێمی كوردستان دانراوە.

ئەگەر حكومەتی هەولێر و بەغدا لەسەر بودجە رێكبكەون و پرۆژەی گشتیی بودجەش وەك ئەوەی ئێستا هەیە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پەسەند بكرێ‌، ئەوە دەبێ‌ حكومەتی عێراق لە ساڵی 2019دا بڕی 9 تریلیۆن و 564 ملیار و 679 ملیۆن دینار بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێ‌، كە مانگانە دەكاتە 797 ملیار و 56 ملیۆن دینار.

لە پرۆژە بودجەی 2019دا ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان 682 هەزار و 21 فەرمانبەر حیساب كراوە. هەروەها ژمارەی فەرمانبەرانی عێراقیش بە 2 ملیۆن و 931 هەزار و 961 فەرمانبەر حیساب كراوە.

بەپێی پرۆژە یاساكە حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند كراوە بە هەناردەكردنی لانیكەم 250 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا و بە بازاڕكردنی لە رێگەی كۆمپانیای سۆمۆ، رادەستكردنی داهاتەكەشی بە خەزێنەی فیدراڵی.

وەكو ساڵانی رابردوو دیسان بە نووسین بەشێك لە پارەی هێزی وشكانی سوپای عێراق، بۆ مووچەی پێشمەرگە تەرخانكراوە. ئەویش بە گوێرەی ئەو ژمارە دانیشتووانەی كە بەغدا دانی پێدا دەنێ‌.

هەر بەپێی پرۆژەی بودجە "ئەگەر هەرێمی كوردستان پابەند نەبێ‌ بە رادەستكردنی داهاتە فیدراڵییە بەدەستهاتووەكان (نەوت، گومرگ، فڕۆكەخانە) بە خەزێنەی فیدراڵی، بەغدا لەو پشكەی بەر هەرێمی كوردستان دەكەوێ‌، بڕی ئەو پارانە دەبڕێ‌ كە تەسلیم بە خەزێنەی فیدراڵی نەكراون".

بەپێی هەندێك داتا، ئاستی هەناردەی نەوتی كوردستان گەیشتووەتە سەرووی 400 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا، ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا رێكبكەوێ‌ لەسەر پرسی بودجە و رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی سۆمۆ بكات، ناتوانێ‌ سوود لە نەوتەكەی ببینێ‌. چونكە لە پرۆژە یاسای بودجەدا هاتووە "ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر لەو نەوتەی فرۆشت كە بۆی دیاریكراوە، دەبێ‌ داهاتەكەی رادەستی خەزێنەی فیدراڵی بكات".

ئەحمەد سەفار، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: "ئەم مەرجانەی حكومەتی عێراق، مەرجی تەعجیزین و قابیلی جێبەجێكردن نین، بۆیە پێویستە شاندێكی سیاسی سەردانی بەغدا بكات و ئەو كێشانە لەگەڵ حكومەتی عێراق یەكلا بكاتەوە".

سەففار تێبینی لەسەر بودجەی سیادی و حاكیمە هەیە و دەڵێت: "موبالەغەی زۆریان تێدا كراوە، لە بودجەی 2017دا 43 بەند بوو، لە 2018دا 91 بەند بوو، ئێستا كردوویانەتە 111 بەند. زۆر شتی تێدایە پەیوەندی بە كوردستانەوە نییە و لە بەشی كوردستان دەبڕن".

بودجەی حەشدی شەعبی

حەشدی شەعبی كە لەدوای سەرهەڵدانی داعش بە فتوایەكی سەید عەلی سیستانی گەورە مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراق دروستبوو، بەرە بەرە شوێنی خۆیان لە دامودەزگاكانی دەوڵەتدا دەكەنەوە. دوای بە فەرمی ناساندنیان لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە، ساڵانە بودجەیان بۆ تەرخان دەكرێ‌.

لە پرۆژە یاسای بودجەی عێراقدا بۆ ساڵی 2019 بودجەی حەشدی شەعبی بە 2 تریلیۆن و 98 ملیار و 290 ملیۆن دینار خەمڵێنراوە. ئەمەش زیاترە لە بودجەی 13 وەزارەتی وەك (دەرەوە: 394 ملیار و 672 ملیۆن دینار. داد: 629 ملیار. پەروەردە: 2 تریلیۆن و 66 ملیار دینار. لاوان و وەرزش 148 ملیار دینار. رۆشنبیری: 142 ملیار دینار. گواستنەوە: 618 ملیار دینار. كشتوكاڵ: 731 ملیار دینار. سەرچاوەكانی ئاو: 651 ملیار دینار. پلاندانان: 233 ملیار دینار، پیشەسازی و كانزاكان: 1 تریلیۆن و 270 ملیار دینار. خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی: 2 تریلیۆن و 724 ملیار دینار. گەیاندن: 35 ملیار دینار و كۆچ و كۆچبەران: 139 ملیار دینار).

ژمارەی هێزە ئەمنی و سەربازییەكانی عێراق

لە پرۆژە یاسی بودجەدا ئاماژە بە ژمارەی سەرجەم هێزە ئەمنی و سەربازییەكان دراوە، لە نێویشیاندا حەشدی شەعبی كە ژمارەكەی بە 122 هەزار كەس دانراوە. لە پرۆژەی بودجەدا زیاتر لە 400 ملیار دینار بۆ پڕچەككردنی حەشدی شەعبی تەرخانكراوە.

ژمارەی هێزە ئەمنی و سەربازییەكانی عێراق بەو شێوەیەی خوارەوەیە.
ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانی عێراق: 9400 كارمەند.
دەزگای هەواڵگریی نیشتیمانی عێراق: 9554 كارمەند.
دەزگای نەهێشتنی تیرۆر: 14817 كارمەند.
وەزارەتی ناوخۆ: 583 هەزار و 666 كارمەند.
وەزارەتی بەرگری: 288 هەزار و 979 كارمەند.
حەشدی شەعبی: 122 هەزار چەكدار

بودجەی عێراق بەپێی كەرتەكان

لە پرۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراقدا، زۆرترین پارە لە دوای كەرتی وزە، بۆ كەرتی ئەمن و ئاسایش تەرخانكراوە. هەروەها بۆ مادەی 140ی دەستووری عێراق كە لە خانەی خزمەتگوزاری كۆمەڵایەتی شوێنی بۆ كراوەتەوە 50 ملیار دینار تەرخانكراوە.

تەرخانكردنی پارە بەپێی كەرتەكان:

ئاسایش و بەرگری: 22 تریلیۆن و 585 ملیار و 840 هەزار و 722 هەزار دینار.
پەروەردە فێركردن: 10 تریلیۆن و 947 ملیار و 941 ملیۆن و 450 هەزار دینار.
وزە: 30 تریلیۆن و 306 ملیار و 419 ملیۆن و 758 هەزار دینار.
تەندروستی: 5 تریلیۆن و 331 ملیار و 927 ملیۆن و 572 هەزار دینار.
خزمەتگوزاری كۆمەڵایەتی: 17 تریلیۆن و 422 ملیار و 274 ملیۆن و 165 هەزار دینار.
ئاو و ئاوەڕۆ و بانكی تەندروستی: 493 ملیار و 413 ملیۆن و 393 هەزار دینار.
گواستنەوە و گەیاندن: 751 ملیار و 299 ملیۆن و 534 هەزار دینار.
كەرتی كشتوكاڵ: 1 تریلیۆن و 505 ملیار و 507 ملیۆن و 981 هەزار دینار.
پیشەسازی: 1 تریلیۆن و 313 ملیار و 854 ملیۆن و 155 هەزار دینار.
بنیاتنان و نیشتەجێكردن: 2 تریلیۆن و 435 ملیار و 589 ملیۆن و 251 هەزار دینار.
رۆشنبیری، لاوان، یانە و یەكێتییەكان: 1 تریلیۆن و 177 ملیار و 15 ملیۆن و 457 هەزار دینار.
بەڕێوەبەرایەتییە گشتییە ناوەندی و لۆكاڵییەكان: 16 تریلیۆن و 532 ملیار و 802 ملیۆن و 580 هەزار دینار.
قەرزە ناوخۆیی و دەرەكی: 17 تریلیۆن و 640 ملیار و 57 ملیۆن و 409 هەزار دینار.

باج دەخرێتە سەر مۆڵ و سەرتاشخانە و ئارایشگاكان

بەگوێرەی رەشنووسی پرۆژەی بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2019 باجی سەر كارتی تەلەفۆن و ئینتەرنێت كە ساڵی رابردوو دانرا، بەردەوام دەبێت و 20%ە. حكومەتی عێراق داهاتی باجی سەر كارتی مۆبایل بۆ 2019 بە 858 ملیار دینار خەملاندووە.

هەروەها 5%ی باج دەخرێتە سەر كاڵا و كەلوپەلی مۆڵەكان و بنكەكانی بە بازاڕكردن. هەروەها مۆڵ و بنكەكانی بەبازاڕكردن پابەندكراون بەوەی دەبێ‌ كاشێری ئەلیكترۆنیان هەبێ‌. ئەو پارەیەی لە رێگەی ئەو باجەوە دەست دەكەوێ‌ لە پرۆژەی بودجەی 2019دا بە 162 ملیار و 500 ملیۆن دینار خەمڵێندراوە.

هەروەها 5%ی باج دەخرێتە ئەو خزمەتگوزاریانەی لە سەرتاشخانەكان و ئارایشگاكان (ژنان و پیاوان) پێشكەش كە بڕەكەی لە پرۆژەی بودجەدا بە 136 ملیار و 263 ملیۆن دینار خەمڵێندراوە.

هەر بەپێی پرۆژە یاساكە، هەر كەسێك لە فڕۆكەخانەكانەوە سەفەر بكات، بڕی 25 هەزار دیناری لێوەردەگیرێ‌، بۆ گەشتە ناوخۆییەكانیش 10 هەزار دینار وەردەگیرێ‌. باجی خانووبەرەش لە 10%ەوە زیاد دەكرێ‌ بۆ 12%.






رووداو
Top