عه‌بادى ده‌ستبه‌ردارى پۆستى سه‌رۆك وه‌زیران نابێت

عه‌بادى ده‌ستبه‌ردارى پۆستى سه‌رۆك وه‌زیران نابێت
هه‌رچه‌نده‌ كابینه‌ى نوێی حكوومه‌ت به‌سه‌رۆكایه‌تى عادل عه‌بدولمه‌هدی نزیكه‌ى دوو هه‌فته‌یه‌ پێكهێنراوه‌، به‌ڵام تائێستاش حه‌یده‌ر عه‌بادى له‌ فه‌یسبووك خۆى به‌ سه‌رۆك وه‌زیران ده‌زانێت و ده‌ستبه‌ردارى پێگه‌ى فه‌رمى ڕاگه‌یاندنى سه‌رۆكایه‌تى وه‌زیران نابێت.

پێشتر له‌ 25/ 10/ 2018 ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، ده‌نگى له‌سه‌ر كابینه‌ى نوێی حكوومه‌تى عێراق به‌سه‌رۆكایه‌تى عادل عه‌بدولمه‌هدى و 14 وه‌زیری كابینه‌كه‌ى دا.

نزیكه‌ى دوو هه‌فته‌ به‌سه‌ر په‌سه‌ندكردنى كابینه‌كه‌دا تێده‌په‌ڕێت و تائێستا حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆكى پێشووى حكوومه‌ت ده‌ستبه‌ردارى پێگه‌ى فه‌رمى ڕاگه‌یاندنى سه‌رۆك وه‌زیران له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك نابێت، كه‌ زیاتر له‌ دوو ملیۆن لایكى هه‌یه‌.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 7/ 11/ 2018، جارێكی دیكه‌ سه‌رپه‌رشتیارانى پێگه‌ فه‌رمییه‌كه‌، ناوى پێگه‌كه‌یان له‌ نووسینگه‌ى ڕاگه‌یاندنى سه‌رۆك وه‌زیرانه‌وه‌ گۆڕی بۆ نووسینگه‌ى ڕاگه‌یاندنى حه‌یده‌ر عه‌بادى سه‌رۆك وه‌زیران.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ر پۆستێكدا، كۆمه‌ڵێك له‌ عێراقییه‌كان له‌ كۆمێنتدا داوا له‌ عه‌بادى ده‌كه‌ن، پێگه‌ فه‌رمییه‌كه‌ كه‌ به‌ موڵكى حكوومه‌ت و گه‌لى عێراقی ده‌زانن، بگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تى وه‌زیران و ده‌ستى لێهه‌ڵبگرێت.

یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ى كۆمێنتى له‌ ژێر پۆستێكى پێگه‌كه‌ نووسیوه‌ به‌ناوى ئیحسان ته‌یب، ڕاده‌ست نه‌كردنى پێگه‌ فه‌رمییه‌كه‌ به‌حكوومه‌ت، به‌پێشێلكردنى یاسا ده‌زانێت و جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ كه‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی، كه‌سایه‌تییه‌كى ساخته‌ى هه‌ڵگرتووه‌ و یاسا لێپرسینه‌وه‌ له‌و حاڵه‌تانه‌ ده‌كاته‌وه‌.










باسنيوز
Top