بەهۆی ئێرانەوە ئەمریکا چەند مەرجێک بۆ عێراق دادەنێت
ئەو سەرچاوەیە، کە لە حکوومەتی عێراقییە و لێدوانێکی بۆ ماڵپەری (عەرەبی جەدید) داوە، رایگەیاندووە، حکوومەتی عێراق مەرجەکانی لە ژمارەیەک بەرپرسی ئەمریکی و دەوڵەتێکی عەرەبی پێ گەیشتووە.
سەرەکیترین مەرجی ئەمریکا بۆ ھەڵاواردنی عێراق لە سزاکانی سەر ئێران، بریتییە لە ھەڵوەشاندنەوەی ٣٠ میلیشیای حەشدی شەعبی، کە ئەمریکا پێی وایە پەیوەندیی راستەوخۆیان بە بەرپرسانی ئێرانییەوە ھەیە.
دیارترین ئەو میلیشیایانە بریتین لە کەتیبەکانی حزبوڵڵا، عەسایب ئەھلی حەق، کەتیبەکانی ئیمام عەلی، نوجەبا، بودەلا، خوڕاسانی، ئیمامول حوججە، قائیم ئال محەمەد، سەرایا ئەلوەلی، زەینەب ئەلکوبڕا و مومھیدون.
مەرجێکی دیکەی ئەمریکا بریتییە لە کاڵکردنەوەی رۆڵی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و بەھێزکردنەوەی سوپای عێراق و چەککردنی ھەموو گرووپەکانی دیکە، جگە لە رێگرتن لە دەستوەردانی ئێران لە کاروباری وەزارەتەکان، بەتایبەت وەزارەتە ئەمنییەکان و بازاڕ و کەرتی دارایی عێراق.
ئەو سەرچاوەیەی حکوومەتی عێراق جەختی لەوە کردووەتەوە، کە ھەموو ئەو مەرجانەی ئەمریکا بۆ رێگرتن لە دەستوەردانی ئێرانە لە کاروباری ناوخۆی عێراقە و ھەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.
ھەفتەی رابردوو ئەمریکا توندترین سزاکانی وڵاتەکەی بەسەر ئێراندا سەپاند و ھەڕەشەی توندی سزادانی لە ھەموو ئەو لایەن و وڵاتانە کرد، کە پابەندی سزاکان نابن و بەردەوام دەبن لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران.
تا ئێستا عێراق، تورکیا و حەوت وڵاتی دیکەی لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران ئازاد کردووە.
پێشتر (باسنیوز) بۆچوونی تەنیا کوردی، چاودێری سیاسی بڵاو کردەوە کە تێیدا باسی لەوە کردبوو، ئەمریکا بەهۆی هاوکارییە بەهێزەکەی نێوان یەکێتی و ئێران لە سلێمانی، هۆشداری داوە و مایک پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش لەمبارەیەوە کە ناوی کوردستانی هێناوە، مەبەستی سلێمانی بووە.
باسنيوز