سەرۆکی میسر: عێراق هەرگیز بەهێز نابێتەوە
بەپێی هەواڵی میدیا میسرییەکان، عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر لە دیدارێکی کراوە لە کۆڕبەندی گەنجانی جیهان، بە گەنجێکی عێراقیی بەشداری دیدارەکەی گوتووە، عێراق جاران وڵاتێکی بەهێز بوو لە رووەکانی سیاسی، ئابووری و سەربازی.
عەبدولفەتاح سیسی ئاماژەی بەوەش کردووە، کە رێکخراوی تیرۆریستی داعش دەستی بەسەر هەزاران کیلۆمەتری خاکی عێراقدا گرت و یەکێکە لەو هۆکارانەی عێراق پێیەوە بە تەواوی لاواز بوو.
سەرۆکی میسر رووی لە گەنجە عێراقییەکە کردووە و رایگەیاندووە، ئەو وڵاتەی لەلایەن گەلەکەی دەڕووخێندرێ بە مەبەستی دووبارە دروستکردنەوە، ”هەرگیز ناگەڕێتەوە و بەهێز نابێتەوە“.
عەبدولفەتاح سیسی ئاماژەی بەو هۆکارانە کردووە، کە دەبنە رێگر لە دووبارە بەهێزبوونەوە و رایگەیاندووە، لە دوای رووخاندن، هەموو هێزەکان جەخت لەوە دەکەنەوە، کە ئەوان مافیان هەیە سەرکردایەتیی وڵات بکەن.
لە مانگی 6ـی 2014، نزیکەی دوو هەزار چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە سووریاوە دزەیان کردە ناو خاکی عێراق و لە ماوەی چەند رۆژێکدا، هەرەسیان بە سوپای عێراق هێنا و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.
باسنیوز