عادل عەبدولمەهدی فەرمانی خانەنشینکردنی عەبادی و حکوومەتەکەی دەرکرد
ئەو بەڵگەنامەیە کە ئەمڕۆ یەکشەممە ٤ی ١١ی ٢٠١٨ بڵاوکراوەتەوە و مێژووەکەی بۆ ٢٥ی ١٠ی ٢٠١٨ دەگەڕێتەوە، تێیدا بە فەرمانێک، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، بەپێی ئەو دەسەڵاتانەی لە دەستوورەوە وەری گرتووە، بڕیاری داوە سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق و سەرجەم وەزیرەکان خانەنشین بکات و بڕیارەکەش لە ٢٥ی ١٠ی ٢٠١٨ەوە دەست پێ دەکات.
لەنێو ئەو کەسانەی کە ناویان لە لیستە نوێیەکەی خانەنشینیدا هەیە و بە بڕیاری عەبدولمەهدی خانەنشین کراون، هەریەک لە فریاد ڕەواندزی، وەزیری ڕۆشنبیریی پێشووی عێراق و دەرباز محەمەد، وەزیری پێشووی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق هەن کە یەکەمیان لەسەر لیستی یەکێتی و دووەمیشیان لەسەر لیستی گۆڕان لە پۆستەکانیان دابوون.
لە حکوومەتەکەی حەیدەر عەبادیدا، سەرجەم ئەو پۆستە باڵایانەی لە پشکی پارتی دیموکراتی کوردستان وەرگیرابوون، لەنێویاندا جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزیری دارایی، بەهۆی هەوڵی سەربەخۆخوازانەی پارتییەوە، هەر یەکەی بە بیانووێک وەرگیرانەوە.
باسنیوز