120 هەزار هاووڵاتیی بەسرە ژەهراوی بوون
بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەکان، رۆژانە 150 - 250 کەس بەهۆی ژەهراویبوونەوە روو لە نەخۆشخانەکانی بەسرە دەکەن.
دوایین ئاماری ژەهراوی بوونی هاووڵاتییانی بەسرە گەیشتووەتە 119 هەزار و 500 کەس و تا ئێستاش لایەنە پەیوەندیدارەکان هیچ هەوڵێکیان بۆ چارەسەرکردنی ئەو بارودۆخە ترسناکە، نەداوە.
بەهۆی پیسبوونی ئاوی بەسرە، کە دەوڵەمەندترین شاری عێراقە بە نەوت، هەزاران هاووڵاتیی ئەو شارە تووشی ژەهراویبوون بوون و ماوەیەکی زۆریش خۆپیشاندانیان ساز کرد، بەڵام حکوومەت تا ئێستا بەدەم داواکارییەکانییانەوە نەهاتوون.
ئەو خۆپیشاندانانە لە ناوەڕاستی مانگی 7ـی ئەمساڵەوە دژی نەبوونی ئاوی خواردنەوە، کارەبا دەستیان پێ کرد، بەڵام حکوومەت و میلیشیا عێراقییەکان لە بری دابینکردنی داوا رەواکانیان، بە گوللە وەڵامیان دانەوە.
بەسرە شارێکی باشووری عێراقە. دەوڵەمەندە بە نەوت و گازی سروشتی و بە شادەماری ئابووریی عێراق دادەندرێت. نەوتی بەسرە زۆرینەی داهاتی ساڵانەی عێراق دابین دەکات.
باسنیوز