داعش لە رۆژئاوای عێراق سەرهەڵدەداتەوە
بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەکان، لیوا قاسم محەمەدی، فەراندەی ئۆپەراسیۆنی جەزیرە لە سوپای عێراق هۆشداریی داوەتە داعش و رایگەیاندووە، ”سنوورەکانی نێوان عێراق و سووریا دەکەینە گۆڕستانی داعش“.
ئەو لێدوانەی ئەو فەرماندە عێراقییە لەکاتێک دایە، کە زانیارییەکان ئاماژە بە سەرهەڵدانەوەی داعش لە ناوچەکانی رۆژئاوای هەردوو پارێزگای نەینەوا و ئەنبار دەکەن و لە حەویجەش دەگوترێ شانە نووستووەکانی داعش دەستیان بە جموجۆڵ کردووەتەوە.
سەرهەڵدانەوەی داعش دوای ئەوە دێت، کە لە مانگی 12ـی 2017، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق (2014-2018) رایگەیاند، داعش لە عێراق کۆتایی هات و ئیدی ئەو رێکخراوە لە شارەکانی عێراق سەرهەڵناداتەوە.
لە مانگی 6ـی 2014، نزیکەی دوو هەزار چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە سووریاوە دزەیان کردە ناو خاکی عێراق و لە ماوەی چەند رۆژێکدا، هەرەسیان بە سوپای عێراق هێنا و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.
باسنيوز