جوڵەی داعش مەترسی دەخاتەوە سەر عێراق

جوڵەی داعش مەترسی دەخاتەوە سەر عێراق
حەیدەر عەبادی، سەرۆكی ھاوپەیمانی نەسر، مەترسی جووڵەی چەكدارانی داعش لە سووریا بۆ سەر عێراق خستەڕوو راشیگەیاند، تا ئێستا شانەكانی رێكخراوی داعش لە ناوچە سنوورییەكان ماون، بۆیە پێویستە ھێزە ئەمنی و سەربازییەكان لە ئامادەباشی تەواودابن.

ئەم گوتانەی عەبادی لەمیانی پێشوازیكردنیدا بوو لەھەریەك لە عیرفان حەیالی، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی و قاسم ئەعرەجی سەرۆكی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق.

ھەر پەیوەست بەو پرسە، وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق هۆشداری لە دزەکردنی چەکدارانی داعش لە سووریاوە بۆ نێو خاکی عێراق دەدات و حەشدی شەعبیش باری نائاسایی لەسەر سنووری سووریا راگەیاند.

فڕۆكه‌كانی عێراق به‌سه‌ر شاری قائیمی پارێزگای ئه‌نبار له‌ سنووری عێراق و سووریا بڵاوكراوه‌یان خستووه‌ته‌ خواره‌وه‌، و تێیدا هۆشداریان لەبارەی دزەکردنی چەکدارانی داعش لە سووریاوە بۆ نێو خاکی عێراق داوە.

وەزارەتی بەرگری داواشی لە خەڵکی ناوچە سنوورییەکان کردووە هاوکاری هێزە ئەمنیەکان بکەن و رێگە نەدەن چەکدارانی داعش لە سووریاوە دزە بکەنە نێو خاکی عێراق.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ سه‌ركردایه‌تی حه‌شدی شه‌عبی باری نائاسایی له‌سه‌ر سنووری سووریا به‌ تایبه‌ت له‌ پارێزگای ئه‌نبار راگه‌یاند.

ئەمە لەكاتێكدایە سەرچاوەیەكی ئەمنی لە پارێزگای ئەنبار رایگەیاند، ژمارەیەك چەكداری داعش ویستییان لەدیوی سووریاوە دزە بكەنە نێو خاكی عێراق، لە نزیك قائیم لە رۆژئاوای ئەنبار. ھێزەكانی حەشدی شەعبی و ھۆزەكان، رووبەڕوویان بوونەوە و 5 چەكداری داعش كوژران.



K24
Top