چەند شارێک لە سوریا بە مۆرکی تورکی دەنەخشێندرێن
حەمدان کێنۆ، سەرۆکی ئەنجوومی عەزازیش دەڵێت: هەموو ئەو هاوکارییانەی وەریدەگرین تورکین، بە خزمەتگوزاری پەروەردەشەوە. هەر هاوکارییەک وەریدەگرین لە برا تورکەکانمانەوە دێت.
تورکیا لە ساڵی 2016ەوە ئۆپەراسیۆنی دژی هێزە کوردییەکان و داعش دەستپێکرد، دواتر عەفرینی داگیرکردن و ناوچەکانی تەرابلوس و ئەلڕەی لە سووننە توندڕەوەکان سەندەوە.
دوا بە دوای ئەوە، ئەو ناوچە سنوورییانەی سووریا کە تورکیا هاوئاوازەکانی تیایدا حکومدەکەن، پڕ بوون لە کۆمپانیا، دروشم و ئاڵای تورکیا، بەجۆرێک دیواری نەخۆشخانەی تەرابلوس بە وێنەی رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆککۆماری تورکیا نەخشێندراوە.
شارۆچکەی عەزاز تازەترین شارۆچکەیە کە بەو پرۆسەیدا دەڕوات، ئێستا کۆمپانیای ئەی کەی ئینێرجی تورکی بەشێکی کارەبای شارۆچکەکە دابیندەکات.
لەگەڵ دەستپێکردنی دەوامدا چەند گۆڕانکارییەک لە سیستمی خوێندندا کراوە، جاران زمانی ئینگلیزی و فەرەنسی لە قوتابخانەکان دەخوێندرا بەڵام ئێستا ئینگلیزی و تورکی، بە وتەی کینۆش، ئامانج لەمە نزیکردنەوەی سووریا و تورکیایە لە یەکتری.
کۆمپانیای تورک تیلیکۆم بنکەی لە عەزاز کردۆتەوە و بەشێکی زۆری کاڵاکانی ناو بازاڕ بە برنج، جل و شیرنی تورکین، مامەڵەش بە لیرەی تورکییە.
سەلیم هۆرانی، دوکاندارێک لە عەزاز کە جلوبەرگ و پێڵاو دەفرۆشێت بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە: بازاڕەکانی تورکیا گەورەن، ئێمە دەتوانین کەلوپەلەکان لە ئیستانبوڵ، گازیئەنتاب و مێرسین هاوردەبکەین.
بەگوێرەی راپۆرتێکی فرانس پرێس، ئەم هەنگاوانەی تورکیا لە سووریا کۆتاییان نەهاتووە بەڵکو ئیتر رەجەب تەیب ئەردۆغان چاوی لەو ناوچانەیە کە کوردەکان بەڕێوەی دەبەن.
دوێنێ، تۆپخانەکانی سوپای تورکیا پێگەکانی یەپەگەی لە نزیک شاری کۆبانێ بۆردومانکرد و هەڕەشەش لە یەپەگە دەکرێت کە دەبێت ناوچەکانیان چۆڵبکەن چونکە ئەوان "تیرۆرستن.
ئەحمەد یەیلا، یاریدەدەری پڕۆفیسۆر لە زانکۆی دێ سەیڵس لە ئەمەریکا پێیوایە: "تورکیا رەگی داکوتیوە و دەیەوێت ماوەیەکی زۆر بمێنێتەوە، ئەو ناوچانە نابنە بەشێک لە تورکیا بەڵام تورکیا بەشێوەی دی فاکتۆ بەڕێوەیان دەبات.
سەرچاوە: ئەلمۆنیتەر
K24