وەزارەتی نەوتی عێراق: پچڕاندنی پەیوەندییەکانمان بە ئێران زەحمەتە
عەلی عەبدولکەریم موسەوی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای پڕکردنەوەی گازی سەر بە وەزارەتی نەوتی عێراق، رای گەیاندووە، کە ناتوانن پابەندی بڕیارەکانی ئەمریکا بن، بەو ئابلوقەی کە خستوویەتییە سەر ئێران، دەشڵێت: ”پچرانی پەوەندییەکانمان لەگەڵ ئێران زەحمەتە“.
ەڕێوەبەری کۆمپانیای پڕکردنەوەی گازی سەر بە وەزارەتی نەوتی عێراق، جەختی لەوەش کردووەتەوە، کە عێراق لەگەڵ ئێران سنوورێکی هاوبەشیان هەیە، هەروەها ئاڵوگۆڕێکی بازرگانی پتەویان هەیە، بەتایبەتیی بازرگانی وزە، گوتویەتیشی: ”ئەو سزایەی ئەمریکا کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ئێمە دەبێت، زەحمەتە پەیوەندیییەکانمان بپچڕێنین“.
ئەو لێدوانەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی نەوتی عێراق، ھاوکاتە لەگەڵ سەپاندنی چەندین سزای ئابووری و سەربازی بەسەر ئێراندا لەلایەن ئەمریکاوە، کە رۆژی ٥/١١/٢٠١٨ ژمارەیەک سزای دیکە بەسەر فرۆشتنی نەوتی ئێراندا، دەسەپێندرێت.
دوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتننامەی ناوکی و سەپاندنی چەندین سزا بەسەر ئێران، دۆناڵد ترەمپ ھەڕەشەی لە ھەموو ئەو وڵات و لایەنانە کرد، کە یان دەبێ بچنە بەرەی ئێران یاخود پابەندی سزاکانی ئەمریکا بن بەسەر ئێران.
شەوی ٨/٥/٢٠١٨، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک، واژۆ کرد.
رێککەوتنی ناوەکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک لە سەرەتای نیسانی ٢٠١٥ لە شاری لۆزان لە سویسڕا واژۆ کرا، کە بەپێی ئەو رێککەوتنە ئێران دەستبەرداری دروستکردنی چەکی ناوکی دەبێت و ئەمریکاش سزاکانی لەسەر ئەو وڵاتە سووک دەکات.
وڵاتانی پێنج + یەک بریتین لە پێنج وڵاتی ئەندامی ھەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی (ئەمریکا، فەرەنسا، رووسیا، بەریتانیا و چین) و ئەڵمانیا پێک دێت.
باسنيوز