فەرماندەیەکی ئەمریکی: دەبێ کۆنتڕۆلی چەک لە عێراق بکرێ

 فەرماندەیەکی ئەمریکی: دەبێ کۆنتڕۆلی چەک لە عێراق بکرێ
فەرماندەیەکی سوپای ئەمریکا بە پێوستی دەزانێ چەک لە عێراق کۆنتڕۆل بکرێ.

دەیڤید پێترایۆس، بەڕێوەبەری پێشووی دەزگای هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکی (CIA) و فەرماندەی پێشووتری سوپای ئەمریکا لە عێراق، رایگەیاندووە، بەشێک لە پەرلەمانتارانی ئەم خولەی ئێستای پەرلەمانی عێراق ”لە سەردەمی فەرماندەیی مندا لە عێراق، بە تۆمەتی تیرۆر لە زینداندا بوون“.

دەیڤید پێترایۆس، کە لە کۆڕبەندێکی دیداری مەنامە لە بەحرێن قسەی کردووە، ئاماژەی بەوە کردووە، کە دەبێ چەک لە عێراق کۆنتڕۆل بکرێ، چونکە ئێستا ”زۆرینه‌ی چه‌كەکان لە عێراق له‌ژێر كۆنترۆڵی ده‌وڵه‌تدا نین“.

دوای رووخاندنی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003، حزبە شیعییەکان، کە هەریەکەیان خاوەنی میلیشیایەکی چەکداری بوون، دەستیان بەسەر حوکمڕانیی ئەو وڵاتەدا گرت و دواتریش ئەو میلیشیایانە لەژێر چەتری میلیشیای حەشدی شەعبیدا کۆکرانەوە.

دوای هەرەسهینانی سوپای عێراق، حەشدی شەعبی بە فەتوای ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق لە کۆتایی ساڵی 2014 لە زیاتر لە 60 میلیشیا دروست بوو. هەرچەندە بە فەرمی لە پەرلەمانی عێراق وەک هێزێکی وڵاتەکە ناسێندراون، بەڵام سەرکردە سوننەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە ئەو میلیشیایانە تائیفین و کاری نایاسایی و نامرۆڤانە بەرامبەر سوننەمەزهەبەکان ئەنجام دەدەن.

لە مانگی 6ـی 2014، نزیکەی دوو هەزار چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە سووریاوە دزەیان کردە ناو خاکی عێراق و لە ماوەی چەند رۆژێکدا، هەرەسیان بە سوپای عێراق هێنا و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.










باسنيوز
Top