ڕاگرتنی ھەناردەی نەوتی کەرکوک نرخەکانی بەرزکردەوە
بەپێی ئاژانسی ھەواڵی ڕۆیتەرز، ھەتا کاتژمێر ٨:١٦ خولەکی ئەمشەو نرخی نەوتی خاوی برنت ٤٢ سەنت بەرزبووەوە،و بەرمیلێکی بە ٧٧ دۆلار و ٣١ فرۆشرا. بەڵام بۆ ماوەی سێ ھەفتەیە لەسەر یەک نەوتی برنت بەرەو دابەزین دەڕوات و نزیکەی ١٠ دۆلار دابەزیوە.
ھەروەھا نەوتی خاو برنت ١٨ سەنت بەرزبووەوە و بەرمیلێکی بە ٦٧ دۆلارو ٥١ سەنت مامەڵەی پێوەکرا. بەڵام نەوتی خاوی ئەمریکی لەم ھەفتەیەدا بەڕێژەی لەسەدا ٢,٣ دابەزیوە.
ھۆکاری بەرزبوونەوەی نرخەکانی نەوتی خاو دەگەڕێتەوە بۆ ھەواڵی ڕاگرتنی ھەناردەکردنی نەوتی خاوی کەرکووک بە ڕێگای تانکەر بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران.
عێراق لەسەرەتای مانگی داھاتووەوە ھەناردەکردنی نەوتی خاو لەڕێگای تانکەرەوە بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران ڕادەگرێت، ئەوەش بۆ پابەندبوون بە سزاکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆسەر تاران.
ئاژانسی ھەواڵی ڕۆیتەرز ئەمڕۆ لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار لەھەناردەکردنی نەوتی عێراق بڵاویکردووەتەوە کە ئێستا عێراق کەمتر لە ٣٠ ھەزار بەرمیل نەوت لەرۆژێکدا لەڕێگای تانکەرەوە ھەناردەی ئێران دەکات.
" ھەنادەردەکردنی نەوتی کەرکووک لەڕێگای تانکەرەوە بۆ ئێران لە مانگی تشرینی دووەمی داھاتووەوە ڕادەگیرێت ئەوەش بۆ پابەندبوون بەسزاکانی ئەمریکا لەدژی ئێران. کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بەنیازە وەکو ئەڵتەرناتیڤێک بۆ ڕاگرتنی نەوتی کەرکوک، بڕی ٣٠ ھەزار بەرمیل نەوت لەرۆژێکدا لە کێڵگە نەوتییە بچووکەکانی نزیک مووسڵ لەسەرەتای مانگی تشرینی یەکەمەوە بفرۆشێت. سۆمۆ رۆژی پێنجشەممە تەندەرەکەی دەرچواندووە" سەرچاوەیەک بە ئاژانسەکەی ڕاگەیاندووە.
ھەروەھا سەرچاوەکە جەختیکردووەتەوە حکومەتی پێشووی عێراق بەسەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا لەگەڵ حکومەتی ھەرێمی کوردستاندا ڕێککەوتنێکی واژۆکردووە کە دەستبکاتەوە بە ھەناردەکردنی نەوتی کەرکوک بۆ بەندەری جەیھانی تورکیا لەڕێگای حکومەتی ھەرێمەوە.
ھەروەھا سەرچاوەکان ئاشکرایان کردووە کە ڕێککەوتنەکە دەبێت بەشێوەی کۆتایی لەلایەن عادل عەبدولمەھدی، سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق و سامیر غەزبان، وەزیری نەوتی نوێی حکومەتی عێراقەوە پەسەندبکرێت.
خەندان