سەدر هەشت نەخێر بەڕووی سیاسییەکانی وڵاتەکەی دەدات
بڕیارە کاتژمێر 6ـی ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 24/10/2018، پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی تەواوی ئەندامانی، کۆبوونەوەیەکی ئاسایی خۆی ساز بکات.
لە کۆبوونەوەکەدا، کە تێیدا میوانداریی عادل عەبدولمەهدی، سیاسەتمەداری راسپێردراو بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق دەکرێت، متمانە بە وەزیرەکانی حکوومەتی نوێی عێراق، دەدرێت.
بەر لە دەست پێ کردنی کۆبوونەوەکە، موقتەدا سەدری رێبەری رەوتی سەدر لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)، ژمارەیەک نەخێری بەڕووی عادل عەبدولمەهدی و پەرلەمانتاران بەرز کردووەتەوە.
موقتەدا سەدر داوای کردووە دەنگدان بۆ متمانەبەخشین بە کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق بەشێوی ئاشکرا بەڕێوە بچێت.
نەخێرەکانی موقتەدا بەڕووی عەبدولمەهدی و پەرلەمانتاران:
- نەخێر بۆ دەنگدانی نهێنی.
- نەخێر بۆ دابەشکردنی دەستکەوتەکان.
- نەخێر بۆ دابەشکاریی تائیفی.
- نەخێر بۆ دابەشکاریی نەتەوەیی.
- نەخێر بۆ رووخسارە کۆن و سواوەکان.
- نەخێر بۆ هەژموونی دەرەوە.
- نەخێر بۆ گەندەڵی و گەندەڵەکان.
- نەخێر بۆ پەراوێزخستنی میللەت.
دوای نزیکەی پێنج مانگ لە هەڵبژاردن، رۆژی 2/10/2018 لایەنە عێراقییەکان رێککەوتن لەسەر راسپاردنی عادل عەبدولمەهدی، سیاسەتمەدار و سەرکردەی پێشووی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت، کە بەپێی دەستوور، ماوەی یەک مانگی لەبەردەستە بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی وڵاتەکەی.
رۆژی شەممە 12/5/2018 پرۆسەی دەنگدانی گشتی لە هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق لەو وڵاتە و هەرێمی کوردستان ئەنجام درا و رۆژی 19/8/2018ش دادگای فیدڕالیی عێراق ئەنجامەکەی پەسەند کرد.
باسنيوز