عه‌بادی: كێشه‌م بۆ عادل عه‌بدولمه‌هدی درووست نه‌كردووه‌

عه‌بادی: كێشه‌م بۆ عادل عه‌بدولمه‌هدی درووست نه‌كردووه‌
حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی كاربه‌ڕێكه‌ری عێراق ده‌ڵێت: "سه‌رۆك وه‌زیرانی راسپێردراو به‌رسه‌ له‌ پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێ و من ده‌ستوه‌رناده‌مه‌ كاره‌كانی و هه‌موو ئاسانكارییه‌كیشمان بۆ سه‌ركه‌وتنی له‌ ئه‌ركه‌كه‌ی پێشكه‌ش كردووه‌".

عه‌بادی له‌ كۆنگره‌ی هه‌فتانه‌یدا ئێواره‌ی سێشه‌ممه‌ 23/10/2018، گووتی: "له‌ عێراق ململانێ له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات نییه‌ و ده‌ستاوده‌ستی ئاشتیانه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌نێوان تیمی حكوومه‌تێك و حكوومه‌تێكی نوێدا ده‌كرێت، ئێمه‌ له‌سه‌رمانه وڵاتان هانبده‌ین وه‌به‌رهێنان له‌ عێراق بكه‌ن و ئه‌وانیش چاویان له‌ ئاسایش و ئارامی وڵاته‌كه‌مانه".

عه‌بادی گووتی: "خۆمان به‌ پۆستی باڵای جێبه‌جێكردنی وڵاته‌وه‌ هه‌ڵنه‌واسیووه‌، ناشمانه‌وێت ئه‌وه‌ی به‌ده‌ستمان ھێناوه‌ و ئازیزه‌ له‌لامان و عێراقییه‌كان خوێن و قوربانیان بۆداوه‌ له‌ ده‌ست بده‌ین".

هه‌روه‌ها گووتی: "بارودۆخی دارایی وڵات به‌هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت باشه‌ و دوای كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی شاره‌كان، خه‌رجییه‌ ئه‌منی و سه‌ربازییه‌كانیش كه‌میكردووه‌ و ژینگه‌یه‌كی له‌بار بۆ ئاشته‌وایی و په‌یوه‌ندی نێوان هاووڵاتیان و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ره‌خساوه‌".

عه‌بادی ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، پێویسته‌ بوودجه‌ی ساڵی 2019 بچێته‌ په‌رله‌مان، چونكه‌ ئێمه‌ نامانه‌وێت حكوومه‌تی نوێ له‌كه‌دار ببێت و سوورین له‌سه‌ر به‌رزكردنه‌وه‌ی بۆ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران بۆ ئه‌وه‌ی دوانه‌كه‌وێت و به‌رژه‌وه‌ندی هاووڵاتیان ره‌چاو بكرێت".




K24
Top