پەرلەمانی عێراق دەنگ بۆ كابینەی نوێی حكوومەت دەدات

پەرلەمانی عێراق دەنگ بۆ كابینەی نوێی حكوومەت دەدات
ئەمڕۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كۆده‌بێته‌وه‌ و ده‌نگ له‌سه‌ر كابینه‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی ده‌دات.

فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق راگەیاند، بڕیاره‌ كاتژمێر 8ی ئێواره‌ی ئەمڕۆ په‌رله‌مانی عێراق بۆ ده‌نگدان له‌سه‌ر كابینه‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی، سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو كۆببێته‌وه‌.

چاوەڕوان دەكرێت، له‌ دانیشتنه‌كه‌ی ئەمڕۆدا ده‌نگدان له‌سه‌ر به‌شێكی كابینه‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی بدرێت. رۆژی 2/11/2018 دوا واده‌ی ده‌ستوورییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌ت پێشكه‌شی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بكات، بۆ ئه‌وه‌ی متمانه‌ی پێبدرێت.

ھەر پەیوەست بەو پرسە زه‌ینه‌ب سابت، پەرلەمانتاری هاوپه‌یمانی سائیرون ئاشكرایكرد، ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتاری خوولی نوێی په‌رله‌مان خۆیان بۆ وه‌رگرتنی پۆسته‌ وه‌زارییه‌كانی حكوومه‌ته‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی كاندید كردبوو، به‌ڵام عه‌بدولمه‌هدی ره‌تیكرده‌وه‌ پۆستی وه‌زاری له‌ كابینه‌كه‌ی بە په‌رله‌مانتاران بدات.

پەرلەمانتارەكەی سائیرون ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، ژماره‌یه‌ك له‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی له‌لایه‌ن عه‌بدولمه‌هدییه‌وه‌ ره‌تكراونه‌ته‌وه‌، ده‌ستیان داوه‌ته‌ هه‌ڵمه‌تێكی چه‌واشه‌كاری بۆ هاندانی په‌رله‌مانتاران، بۆئه‌وه‌ی ده‌نگ به‌ كابینه‌كه‌ی عه‌بدولمه‌هدی نه‌ده‌ن.

لە 12/5/2018 ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، بەڵام بەھۆی ناكۆكی لەنێوان لایەنەكان تائێستا نەتوانراوە كابینەی حكوومەتی نوێ پێكبھێندرێت.

پێشتر عادل عەبدولمەھدی راگەیاندبوو، وەزیرەكانی كابینەی داھاتووی حكوومەت لە رێگەی سیڤییەوە وەردەگیرێن، بۆ ئەم مەبەستە لە 9/10/2018 پێگه‌یه‌كی ئه‌لیكترۆنی كردووه‌و‌ و ژمارەیەكی زۆر لە عێراقییه‌كان داواكارییان بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەت پێشكەش كردووە.





K24
Top