توركیا بەم زووانە كۆنسوڵگەی خۆی له‌ مووسڵ ده‌كاته‌وه‌

 توركیا بەم زووانە كۆنسوڵگەی خۆی له‌ مووسڵ ده‌كاته‌وه‌
به‌گوێره‌ی گوته‌ی سه‌ركۆنسوڵی توركیا له‌ به‌غدا، ئەنقەرە ئاماده‌كاری ده‌كات تا به‌زووترین كات كۆنسوڵگەی خۆی له‌ مووسڵ بكاته‌وه‌، دوای مووسڵیش كۆنسوڵگەی توركیا له‌ به‌سرەش ده‌كرێته‌وه‌.

فاتیح یڵدز سه‌ركۆنسوڵی توركیا له‌ به‌غدا، له‌ دیمانه‌یه‌كیدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی (ئه‌نادۆڵو)ی توركی، ئاشكرای كردووە كە حكوومه‌تی توركیا و به‌تایبه‌ت ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان رێنماییان داوه‌ تا به‌زووترین كات توركیا كۆنسوڵگه‌ له‌ مووسڵ بكاته‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌وانیش له‌ ئێستەدا ئاماده‌كاری ده‌كه‌ن.

گوتیشی "ئێمه‌ به‌زووترین كات كۆنسوڵگە له‌ مووسڵ ده‌كه‌ینه‌وه‌، به‌ڵام پێویسته‌ ره‌زامه‌ندی حكوومه‌تی عێراق وه‌ربگرین، كه‌ له‌م رووه‌شه‌وه‌ كێشه‌مان بۆ دروست نابێت. ده‌بێت ئه‌وه‌ش باس بكه‌م كه‌ حكوومه‌تی عێراقی ره‌زامه‌ندی ده‌ربڕیوه‌ بۆ كردنه‌وه‌ی كۆنسوڵگە له‌ به‌سرە، له‌ ماوه‌یه‌كی زۆر نزیكیشدا ره‌زامه‌ندی بۆ مووسڵیش وه‌رده‌گرین".

باسی له‌وه‌ش كرد بۆ ئه‌وه‌ی مووسڵ وه‌كو سه‌رده‌می پێش هاتنی گرووپی تیرۆریستی داعشی لێ بێته‌وه‌، توركیا ئاماده‌ی هه‌موو هاوكارییه‌كه‌ و دامه‌زراوه‌كانی له‌م رووه‌وه‌ ئاماده‌ن.

له‌ كاتی داگیركردنی مووسڵدا له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌، 49 دیبلۆماتكاری توركیا له‌ كۆنسوڵگه‌ی توركیا له‌ مووسڵ له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ ده‌ستگیر كران، به‌ڵام دوای 103 رۆژ حكوومه‌تی توركیا به‌ رێكه‌وتنێك له‌گه‌ڵ داعش هه‌موو دیبلۆماتكاره‌كانی ئازاد كرد.











باسنيوز
Top