پۆستی داهاتووی دوو سەرکردەی باڵای عێراق ئاشکرا بوو

 پۆستی داهاتووی دوو سەرکردەی باڵای عێراق ئاشکرا بوو
پۆستی داهاتووی دوو سەرکردەی باڵای عێراق ئاشکرا بوو، کە سەر بە دوو پێکهاتەی جیاوازن.

ئەمڕۆ دووشەممە 22/10/2018، سەرچاوەیەکی سیاسیی ئاگادار لە بەغداوە رايگەیاند، بەپێی رێککەوتنی لایەنە سیاسییەکان، پۆستی دوو جێگری سەرۆک کۆماری عێراق یەکلا بووەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە، کە لەبەر هەستیاریی بابەتە نەیویست ناوی بڵاو بکەینەوە، ئاماژەی بەوەش کرد، کە پۆستی جێگری سەرۆک کۆمار بۆ هەردوو سەرکردەی عێراقی نوری مالیکی و ساڵح موتڵەگ یەکلا بووەتەوە.

نوری مالیکی یەکێکە لە سەرکردەکانی پێکهاتەی شیعەمەزهەب و سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، هەروەها حامد موتڵەگ یەکێکە لە سەرکردەکانی پێکهاتەی سوننەمەزهەب و سەرۆکی بەرەی حیواری سوننەکانە.

هەروەک ئەو سەرچاوەیە رایگەیاند، عادل عەبدولمەهدی، سیاسەتمەداری راسپێردراو بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق لەگەڵ پێشکەشکردنی ئەنجامانی حکوومەتەکەی بە پەرلەمان، ناوی مالیکی و موتڵەگ پێشکەشی پەرلەمان دەکات، بەمەبەستی پەسەدنکردنیان وەک جێگرانی سەرۆک کۆماری عێراق.

دوای نزیکەی پێنج مانگ لە هەڵبژاردن، رۆژی 2/10/2018 لایەنە عێراقییەکان رێککەوتن لەسەر راسپاردنی عادل عەبدولمەهدی، سیاسەتمەدار و سەرکردەی پێشووی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت، کە بەپێی دەستوور، ماوەی یەک مانگی لەبەردەستە بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی وڵاتەکەی.

رۆژی شەممە 12/5/2018 پرۆسەی دەنگدانی گشتی لە هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق لەو وڵاتە و هەرێمی کوردستان ئەنجام درا و رۆژی 19/8/2018ش دادگای فیدڕالیی عێراق ئەنجامەکەی پەسەند کرد.













باسنيوز
Top