هێڵی ئاسمانیی عێراق روونکردنەوەیەک بڵاو دەکاتەوە لەسەر کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەیەکی مەدەنیی
رۆژی یەکشەممە 21/10/2018، میدیا عێراقییەکان بڵاویان کردەوە، کە فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانیی عێراقی بەهۆی خراپیی کەشوهەواوە، کەوتووەتە خوارەوە.
لە بەیاننامەیەکدا، هێڵی ئاسمانیی عێراقی رەتی کردووەتەوە هیچ فڕۆکەیەکیان کەوتبێتە خوارەوە و رایگەیاندووە، ئەوانەی ئەو هەواڵانە بڵاو دەکەنەوە، ”خێر و خۆشیی عێراقیان ناوێت“.
لە بەیاننامەکەدا هەروەها هاتووە، ئەو دەزگایانەی ئەو هەواڵەیان بڵاو کردووەتەوە، ”بەکرێ گیراون“.
هێڵی ئاسمانیی عێراقی هێڵێکی فڕۆکەوانیی مەدەنییە و پێشتر بەپێی ستانداردەکانی ئەوروپا، فڕۆکەکانی ئەو هێڵە مەرجی سەلامەتییان نەبوو، بۆیە گەشتی ژمارەیەک وڵاتی ئەورووپییان لێ قەدەغە کرابوو، بەڵام ئێستا دەتوانن گەشتەکان بۆ فڕۆکەخانەکانی ئەورووپا ئەنجام بدەن.
باسنيوز