عادل عه‌بدولمه‌هدی ئه‌م به‌رپرسانه‌ له‌ پۆسته‌كانیان دوور ده‌خاته‌وه‌

عادل عه‌بدولمه‌هدی ئه‌م به‌رپرسانه‌ له‌ پۆسته‌كانیان دوور ده‌خاته‌وه‌
سه‌رچاوه‌یه‌كی سیاسی ئاشكراى كرد، لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ڕێككه‌وتوون له‌سه‌ر لادانى بریكارانى هه‌موو وه‌زاره‌ته‌كانى حكوومه‌تى عێراق و دانانى بریكارى نوێ.



سه‌رچاوه‌یه‌كی سیاسی ئاگادار له‌ گفتوگۆى نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان، ڕای گه‌یاند: "سه‌ركرده‌ى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان، له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانى ڕاسپێردراو گه‌یشتوون به‌ڕێككه‌وتن بۆ گۆڕینی سه‌رجه‌م بریكارى وه‌زاره‌ته‌كان".


ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا، كه‌ ڕێككه‌وتنه‌كه‌، بۆ نه‌هێشتنى گه‌نده‌ڵییه‌، گوتیشی: "كابینه‌ى نوێی حكوومه‌ت به‌سه‌رۆكایه‌تی عادل عه‌بدولمه‌هدی، حكوومه‌تى خزمه‌تگوزارى ده‌بێت، نه‌ك ته‌نها پۆست".


جه‌ختیشی كرده‌وه‌، كه‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان، بۆ دیاریكردنى بریكاره‌كانى وه‌زاره‌ته‌كان، سه‌رۆك وه‌زیرانیان سه‌رپشك كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى خۆى باشترینه‌كان، دیارى بكات.


به‌گوته‌ى ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌، دواى نزیكه‌ى مانگێك له‌ ڕاگه‌یاندنى كابینه‌ى نوێی حكوومه‌ت، له‌ په‌رله‌مانى عێراق، ده‌نگ له‌سه‌ر بریكاره‌ نوێیه‌كان ده‌درێت، بۆ مانگى دووه‌میش ده‌نگ له‌سه‌ر فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌كان ده‌درێت و له‌مانگى سێیه‌میشدا، ده‌نگ له‌سه‌ر سه‌رۆكى ده‌سته‌ سه‌ربه‌خۆكان، ده‌درێت.
bas news-
Top