پشکی لایەنەکان لە حکوومەتی داهاتووی عێراق ئاشکرا دەبێت
بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەکان، ئەمڕۆ پێنجشەممە 18/10/2018، فەرهاد عەلائەدین، راوێژکار لە سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق رایگەیاندووە، کە رێککەوتنێکی گشتی لەسەر ئەوە هەیە، کە کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی، سیاسەتمەداری راسپێردراو بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق، لە 22 وەزارەت پێک بێت.
هەروەک فەرهاد عەلائەدین رایگەیاندووە، رێککەوتنی سەرەتایی بۆ دابەشکردنی وەزارەتەکان کراوە، کە بیرۆکەیەک هەیە بەمشێوەیە بێت:
- نۆ وەزارەتی بۆ کوتلەی ئیسڵاح و ئیعمار (سائیرون، نەسر، حیکمە و وەتەنییە)
- نۆ وەزارەت بۆ کوتلەی بینا (دەوڵەتی یاسا و فەتح)
- سێ وەزارەت بۆ کوتلە کوردستانییەکان
- وەزارەتێک بۆ مەسیحییەکان
ئەو راوێژکارەی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە، کە تورکمانەکان چوار وەزارەتیان لەچوارچێوەی وەزارەتەکانی ئیعمار و ئیسڵاح و بینا پێ دەدرێت.
چاودێران پییان وایە لە رۆژی 22 یان 23/10/2018 عادل عەبدولمەهدی کابینەی حکوومەتەکەی پێشکەشی پەرلەمانی عێراق دەکات.
دوای نزیکەی پێنج مانگ لە هەڵبژاردن، رۆژی 2/10/2018 لایەنە عێراقییەکان رێککەوتن لەسەر راسپاردنی عادل عەبدولمەهدی، سیاسەتمەدار و سەرکردەی پێشووی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت، کە بەپێی دەستوور، ماوەی یەک مانگی لەبەردەستە بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی وڵاتەکەی.
رۆژی شەممە 12/5/2018 پرۆسەی دەنگدانی گشتی لە هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق لەو وڵاتە و هەرێمی کوردستان ئەنجام درا و رۆژی 19/8/2018ش دادگای فیدڕالیی عێراق ئەنجامەکەی پەسەند کرد.
باسنيوز