ئه‌مه‌ریكا به‌ بڕی 2 ملیار دۆلار هاوكاری عێراقی كردووه‌

ئه‌مه‌ریكا به‌ بڕی 2 ملیار دۆلار هاوكاری عێراقی كردووه‌
ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند، قه‌باره‌ی هاوكارییه‌كانی بۆ پێكهاته‌ ئایینییه‌كانی عیراق، گه‌یشتووه‌ته‌ زیاتر له‌ 300 ملیۆن دۆلار.

باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ به‌غدا، له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ "جۆن سولیڤان، جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ له‌ دوایین سه‌ردانی خۆیدا بۆ عێراق، پابه‌ندبوونی وڵاته‌كه‌ی بۆ هاوكاریكردنی پێكهاته‌ ئایینییه‌ چه‌وسێنراوه‌كان دووپاتكردووه‌ته‌وه‌".

له‌ لێدوانێكیشدا، كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی ڤیدیۆیی تۆماركراوه‌ و له‌سه‌ر په‌یجی فه‌رمی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ به‌غدا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، جۆن سولیڤان، ده‌ڵێت: "له‌ ساڵی 2017ه‌وه‌ تا ئێستا، قه‌باره‌ی هاوكارییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ عێراق گه‌یشتووه‌ته‌ 2 ملیار دۆلار، له‌و بڕه‌ش 300 ملیۆن دۆلاری بۆ ئه‌و ناوچه‌ جوگرافیایانه‌یه‌, كه‌ پێكهاته‌ ئایینییه‌كانی تێدا ده‌ژین، وه‌كو هه‌ندێك ناوچه‌ی ده‌شتی نه‌ینه‌وا".

راشیگه‌یاند، له‌ ماوه‌ی رابردوودا، ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی، زیاتر له‌ 36 هه‌زار كیلۆگرام مه‌وادی ته‌قه‌مه‌نییان له‌ هه‌ردوو پارێزگای نه‌ینه‌وا و ئه‌نبار هه‌ڵگرتووه‌ته‌وه‌.

ئه‌و بڕه‌ پاره‌ وه‌ك هاوكاری له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه‌ راده‌ستی حكوومه‌تی فیدرالی عێراق كراوه‌، به‌ڵام تا ئێستا هیچ یه‌كێك له‌ ناوچه‌كانی ده‌شتی نه‌ینه‌وا، كه‌ پێكهاته‌ی ئایینی كریستیانی تێدا ده‌ژی، ئاوه‌دان نه‌كراوه‌ته‌وه‌، قه‌زای شنگالیش، كه‌ زۆربه‌ی دانیشتووانه‌كه‌ی ئاواره‌بوونه و له‌ كامپه‌كانی پارێزگای دهۆك ده‌ژین و هێشتا وێرانه‌یه‌ و ده‌ستی ئاوه‌دانی و پێ نه‌گه‌یشتووه‌.




K24
Top