كێشه‌ و گرفتی زۆر له‌ به‌رده‌م عادل عه‌بدولمه‌هدی دایه‌، رووبه‌ڕووی زۆر كێشه‌ی ئاڵۆز ده‌بێته‌وه‌

كێشه‌ و گرفتی زۆر له‌ به‌رده‌م عادل عه‌بدولمه‌هدی دایه‌، رووبه‌ڕووی زۆر كێشه‌ی ئاڵۆز ده‌بێته‌وه‌
جاسم محه‌مه‌د جه‌عفه‌ر، سه‌ركرده‌ی ده‌وڵه‌تی یاسا به‌ سه‌رۆكایه‌تی نووری مالیكی ده‌ڵێت: "عادل عه‌بدولمه‌هدی، راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی عێراق، ناتوانێت حكوومه‌تێك پێكبهێنێ كه‌ له‌ ئاست خواسته‌كانی گه‌لانی عێراقدا بێت و ته‌مه‌نی كورت ده‌بێت".

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 14/10/2018 ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ی ده‌وڵه‌تی یاسا له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا گوتوویه‌تی: "ئه‌و خۆشبینییه‌ی به‌رامبه‌ر تواناكانی عادل عه‌بدولمه‌هدی درووست بووه‌ له‌ پێكهێنانی حكوومه‌تدا كه‌ وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی خواسته‌كانی گه‌ل بێت، زۆر دووره‌ له‌و مه‌به‌سته‌، چه‌ندین لایه‌ن هه‌ن ململانێ ده‌كه‌ن له‌سه‌ر پێكهێنانی حكوومه‌ت، به‌شێكیان هێزیان هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئیراده‌ی خۆیان به‌سه‌ر ئه‌وانی دیكه‌دا بسه‌پێنن، كه‌سیش ناتوانێت خۆی له‌ هه‌ژموونی ئه‌وانه‌ قوتار بكات".

هه‌روه‌ها روونیكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ كوتله‌ سیاسییه‌كان، به‌گوێره‌ی ژماره‌ی كورسی و قه‌باره‌یان له‌ په‌رله‌مان، پۆستی وه‌زاره‌تیان ده‌وێت، عادل عه‌بدولمه‌هدیش ئه‌مرۆ به‌ته‌واوه‌تی له‌ پێكهێنانی حكوومه‌تدا ده‌ستكراوه‌ نییه‌، به‌ڵكو ده‌ستوه‌ردانی حزبی و ده‌ستوه‌ردانی دیكه‌ هه‌ن و بۆچوونی جیاواز له‌ناو هێزه‌ سیاسییه‌كان به‌رامبه‌ر حكوومه‌ته‌كه‌ی درووست بووه‌.

جاسم محه‌مه‌د جه‌عفه‌ر ده‌ڵێت: "كێشه‌ و گرفتی زۆر له‌ به‌رده‌م عادل عه‌بدولمه‌هدی دایه‌، رووبه‌ڕووی زۆر كێشه‌ی ئاڵۆز ده‌بێته‌وه‌ كاتێك هه‌وڵی پێكهێنانی كابینه‌كه‌ی ده‌دات ده‌خرێته‌ به‌رده‌ستی، له‌ هه‌موویشی گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی پێویستی به‌ 166 په‌رله‌مانتاره‌ ده‌نگ به‌ كابینه‌كه‌ی بده‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و رێژه‌یه‌ش كۆبكاته‌وه‌، ده‌بێت هاوپه‌یمانی و ھێزه‌ سیاسییه‌كانیان قایل بكات و به‌ده‌م داخوازییه‌كانیانه‌وه‌ بچێت".

ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، عادل عه‌بدولمه‌هدی ناچاره‌ په‌نا بۆ ئه‌و 166 په‌رله‌مانتاره‌ ببات، ئه‌وه‌ش واتای ئه‌وه‌یه‌ ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می حكوومه‌تی حزبی، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ هه‌ندێك كوتله‌ ناچار ده‌بن ببنه‌ ئۆپۆزیسیۆن و له‌ حكوومه‌تدا به‌شداریی نه‌كه‌ن، هه‌ر ئه‌وه‌ش حكوومه‌ته‌كه‌ی ته‌مه‌ن كورت ده‌كات".









K24
Top