عادل عەبدولمەهدی بەغدای بەجێ هێشت

 عادل عەبدولمەهدی بەغدای بەجێ هێشت
سیاسەتمەداری راسپێردراو بە پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، بەغدای پایتەختی وڵاتەکەی بەجێ هێشت.

بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەکان، دوای نیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە 11/10/2018، عادل عەبدولمەهدی، سیاسەتمەداری راسپێردراو بە پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق بە سەردانێک گەیشتە شاری نەجەف لە باشووری عێراق.

عادل عەبدولمەهدی لەو سەردانەیدا بۆ نەجەف، لەگەڵ موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر و سەرۆکی هاوپەیمانیی سائیرون کۆ دەبێتەوە و تاوتوێی دوایین پێشهاتەکانی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق دەکەن.

دوای نزیکەی پێنج مانگ لە هەڵبژاردن، رۆژی 2/10/2018 لایەنە عێراقییەکان رێککەوتن لەسەر راسپاردنی عادل عەبدولمەهدی، سیاسەتمەدار و سەرکردەی پێشووی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت، کە بەپێی دەستوور، ماوەی یەک مانگی لەبەردەستە بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی وڵاتەکەی.

رۆژی شەممە 12/5/2018 پرۆسەی دەنگدانی گشتی لە هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق لەو وڵاتە و هەرێمی کوردستان ئەنجام درا و رۆژی 19/8/2018ش دادگای فیدڕالیی عێراق ئەنجامەکەی پەسەند کرد.










باسنيوز
Top