داوا ده‌كرێت مامه‌ڵه‌ به‌ چاپی نوێی دراوى عێراقییه‌وه‌ نه‌كرێت و له‌ناو ببرێت

 داوا ده‌كرێت مامه‌ڵه‌ به‌ چاپی نوێی دراوى عێراقییه‌وه‌ نه‌كرێت و له‌ناو ببرێت
سه‌رۆكى فراكسیۆنى ته‌مه‌دون له‌ په‌رله‌مانى عێراق، داوا ده‌كات، مامه‌ڵه‌ كردن به‌ چاپه‌ نوێیه‌كه‌ى دراوى عێراقییه‌وه‌ نه‌كرێت و ڕابگیرێت.


فایه‌ق شێخ عه‌لى، سه‌رۆكى فراكسیۆنى ته‌مه‌دون، له‌ په‌رله‌مانى عێراق، ڕای گه‌یاند: "له‌گروپى په‌رله‌مانتاراندا له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، داواى ڕاگرتنى مامه‌ڵه‌كردن به‌ چاپه‌ نوێیه‌كه‌ى دراوى عێراقیم كردووه‌ و، داواكارییه‌كه‌م كاردانه‌وه‌ى ئه‌رێنی هه‌بووه‌".

ڕۆژی یەکشەممە 7/10/2018، بانکی ناوەندی عێراقی لە ڕاگەیاندراوێکدا چاپی دووه‌می ‌پێنج جۆر دراوی عێراقی راگه‌یاند كه‌بریتین له‌ جۆری (25000 - 10000 - 1000 - 500 - 250) دیناری.


بانکی ناوەندی لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوەی ئاشکرا کردووە، کە له‌ جۆری (25000 - 10000 - 500 - 250) ناوی پارێزگاری له‌سه‌ر نوسراوه‌ له‌جیاتی ئه‌وه‌ی واژووی له‌سه‌ر بێت، هەروەها ئاماژە بە گۆڕینی جۆری كاغەزی چاپكردنەكەش کراوە، بەڵام ڕوونکردنەوەی زیاتری لەوبارەیەوە نەداوە.


پێشتریش، لوئه‌ى خه‌تیب، ئابووریناسى عێراقی، ڕای گه‌یاند: "بوونى ناوى عه‌لى موحسن ئیسماعیل، پارێزگارى بانكى ناوه‌ندیی، له‌جیاتى واژۆكردنى له‌سه‌ر دراوى عێراقی، پێشینه‌یه‌كی مه‌ترسیداره‌ و پێشێلكردنى هه‌موو ڕێكار و نه‌ریته‌ جیهانییه‌كانه‌، جگه‌ له‌ ڕژێمه‌ دیكتاتۆره‌كان".


داواشى كرد، كه‌ ده‌بێت ته‌نها واژۆى وه‌زیری دارایی له‌سه‌ر دراو بێت، گوتیشی: "ده‌بێت ئه‌و چاپه‌ نوێیه‌ ڕابكێشرێته‌وه‌ و له‌ناو ببرێت، چونكه‌ ئه‌وه‌ هه‌ڵه‌یه‌كی زه‌قه‌ و پێویسته‌ ڕاست بكرێته‌وه‌".










باسنيوز
Top